کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ڕێپێوانی ٨ی مارس لە نۆروێژ

11:31 - 18 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەمە، لە شاری بێرگن لە وڵاتی نۆروێژ، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕێپێوانێکی بەرین بەڕێوە چوو.

ڕێپوانەکە لەلایەن هێزە سیاسییەکانی وڵاتی نۆروێژ لەو شارە ڕێک خرابوو کە زیاتر لە چل نەتەوەی جیاواز بە هێما نەتەوەییەکانی خۆیان بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە ببوون و کوردەکانی نیشتەجێی ئەو شارە بە گشتی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی، بە ڕێژەیەکی بەرچاو و بە هێمای کوردی و ئاڵای کوردستان بەشدارییان کردبوو.

بەشداریی بەرین و بەرچاوی نەتەوە جیاوازەکان سەرنجی میدیاکانی ئەو وڵاتەشی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. لەو پێوەندییەدا خاتوو بێخاڵ عەبدوڵڵاپوور، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتیی کوردانی بێرگن لەگەڵ چەند ڕۆژنامە و میدیای نۆروێژی باسی لە بارودۆخی ئەمڕۆکەی ژنانی کورد کرد.

ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاناڵی فەرمیی نۆروێژیی ''ئێن‌ ئاڕ کۆ''، وێڕای پیرۆزبایی ٨ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان ئاماژەی بە هەڵومەرجی ئێستا نیشتمانەکەمان کرد کە خەڵکی مافخوازی ئێران بۆ دابینکردنی مافەکانی خۆیان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، لە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ژنکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپەڕیون و لەو پێوەندییەدا بەشێکی بەرچاو لە ژنان و کچانیش بوونەتە قوربانی.

کوردەکانی بەشدار لەو ڕێپێوانەدا بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بە زمانەکانی کوردی و نۆروێژی، پشتیوانییان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە گشتی کرد و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی دەزگاکانی ڕێژیم لە چەند حەوتووی ڕابردوو بۆ سەر قوتابخانەی کچانیان لە هەموو شارەکانی ئێران مەحکووم کرد.