کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن لە نۆروێژ بەرز ڕاگیرا

11:20 - 19 رەشەمه 2722

بە‌شی كولتووریی شارەداریی لیلسترۆم لە نۆروێژ، بەرنامەیەکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن پێک هێنا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بە‌شی كولتووریی شارەداریی لیلسترۆم لە وڵاتی نۆروێژ، بەرنامەیەکی بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن پێک هێنا کە یە‌كیە‌تیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە نۆروێژ و یەکیەتیی ژنانی دەرەوەی وڵات بەشدار و هاوکاری ئەو چالاکییە بوون.

خاتوو ''نینا لانگفێلت'' کە بە نوێنەرایەتیی شارەداریی لیلسترۆم بەشداری بۆنەکە بوو، وتەیەکی کورتی سەبارەت بە ڕۆژی ٨ی مارس پێشکەش کرد. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە هۆکاری ناونانی ئە‌و ڕۆژە‌ وەک ڕۆژی ژن، لە قسەکانیدا باسێکی لەسەر مێژووی پڕ لە چە‌وسانەوەی ژنان و نەبوونی مافی یەکسانی لەنێو کۆمەڵگەدا کرد و خەباتی ژنانی بۆ لابردنی ئەو چەوسانەوەیە بەرز نرخاند.

لە بڕگەی دووەمدا مەحبووبە ڕەحیمی، وەک بەڕێوە‌بە‌ری بەرنامەکە بە زمانی کوردی وێڕای بەخێرهاتنی بەشداران، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی کرد. لە درێژەی ئەو بڕگەیەدا شیبا حاجی ئەحمەدی، باسێکی لەسەر وەرزش و تەندروستی پێشکەش کرد.

پاشان ڕۆژان ئاگوشی بە پێشکەشکردنی گۆرانییەک بەرنامەکەی ڕازاوە‌تر کرد.

ھە‌موو ساڵێک ژنانی نە‌تە‌وە‌ جیاوازە‌كان وەک كورد، ئە‌فغان، عە‌رە‌ب، ئیریتێریایی، پاكستانی، سوودانی و چەندین نەتەوەی دیکە بە‌شداری ئەو بۆنەیە دەبن و ساڵانە لەو ڕۆژەدا چالاكیی جۆراوجۆر بۆ ڕۆژی ژن بەڕێوە دەبەن.

بەرنامەکە بە  پیشاندانی جلوبە‌رگی هەموو نەتەوەكانی بە‌شدار، کۆتایی پێ هات.