کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، بە هاوکاریی هێزەکانی چەپ، دێموکراتیک و ئازادیخوازی ئێران، ئاکسیۆنێکیان بەڕێوە برد

11:45 - 19 رەشەمه 2722

ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمە، لە شاری کۆڵن، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، بە هاوکاریی هێزەکانی چەپ، دێموکراتیک و ئازادیخوازی ئێران، ئاکسیۆنێکیان بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەباتی بێوچانی ژنانی ئازادیخواز بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی سیستماتیک و بۆ دەستەبەرکردنی هەموو ئەو مافانەی بە درێژایی مێژوو لێیان بێبەری کراون، بەڕێوە برد.

‎لەو ئاکسیۆنەدا کۆی باسە پێشکەشکراوەکان پێوەندییان بە خەباتی مێژوویی ژنان و بەتایبەتی ژنان لە ئێران هەبوو کە هاوکات لەگەڵ خەباتی ڕەگەزی، لە دژی ڕێژیمێکی نادێموکراتیک و دواکەتوو و دژ بە مافە مرۆیی و ڕەگەزییەکان، ژن پێشەنگانە لە مەیداندا بوون، بە تایبەتی لەم شۆڕشە نوێیەدا کە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دژ بە هەرچەشنە هەڵاواردن و ستەمێک وەستاونەتەوە و قوربانیی بۆ دەدەن.

‎شایانی باسە کە پەیامی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران (فیداییان) لەلایەن سەیران حەسەن‌پوور بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە.

لە بەشێکی ئەو پەیامە هاوبەشەدا هاتبوو کە لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، شۆڕشی گەلانی ئێران بە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' دەستی پێ کرد و هەتا ئێستا بەردەوامە و داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکات. خەباتێک کە داواکارییەکانی زۆر زیاترە لە نەهێشتنی حیجابی زۆرەملێ.

هەروها لەو پەیامەدا هاتبوو، ''ژن ژیان ئازادی'' تەنیا ٣ وشەیە، بەڵام پڕ لە ناوەڕۆک و مانایە. سێ وشە کە لە دوای کوژرانی ژینا بە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە، بەمەش سێ بەهای ڕوون و دووفاقی بە بزووتنەوەی فێمینیستی نێودەوڵەتی بەخشیوە. دروشمێک کە خەڵکی ئێران بەبێ گوێدان بە ڕەگەز، نەتەوە، تەمەن و چینایەتی بۆ ڕاپەڕین لە دژی ڕێژیمی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی یەک دەخات.

ئاکسیۆنەکە سەرەتا بە وتاری ڕێکخراوەکان دەستی پێ کرد و دواتر بە شێوەی ڕێپێوان کۆتایی پێ هات.