کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاکی مەدەنیی تری یارسان بانگی دادگای ڕێژیم لە سەحنە کران

10:09 - 11 رەشەمه 2722

عەلی نەزەری و سەیدعەلی دەکەیی، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان بانگی لقی ١ی لێپرسینەوەی دادگای ڕێژیم لە شاری سەحنە کران.

بەپێی هەواڵی کوردپا، ئەو دوو چالاکە مەدەنییە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بانگی لقی ١ی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سەحنە کراون و دادکۆکییان لە خویان کردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادگان.

ئەو دوو ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵیادی سەید خەلیل عالی‌نژاد، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها عەلی نەزەری ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز و سەیدعەلی دەکەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

هەروەها عەلی نەزەری لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، لە خاڵی پشکنینی بێستوون - کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

لەم پێوەندییەدا سێ چالاکی مەدەنیی تری یارسان بە ناوەکانی "سەید ئەمین، سەید سرووش و سەید کەریم عەباسی" بە تۆمەتی پێکهێنانی کۆبوونەوە و گرووپ دژی ئاسایشی نێوخۆیی ئێران، بانگی لقی یەکی بەشی لێکۆڵێنەوەی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سەحنە کراون.