کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو نەسرین قاسملوو

16:20 - 20 رەشەمه 2722

بە داخ و کەسەرەوە ڕادەگەیەنین کە خاتوو هێلێن کڕۆلیش ناسراو بە خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەر و هاوڕێ و هاوبیری دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری بەناوبانگی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و خەباتکاری ناسراوی ئازادی و دێموکراسی، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ مارسی ٢٠٢٣ زایینی(١٩ ڕەشەمەی ١٤٠١ هەتاوی) بە هۆی نەخۆشی و بەساڵداچوویی لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری پاریس کۆچی دوایی کرد. 

بەم بۆنە خەم‌هێنەرەوە وێڕای بەداخبوون بۆ ماڵئاوایی ئەم خاتوونە بەڕێزە پرسە و سەرەخۆشیی ڕێبەرایەتیی حیزب ئاڕاستەی هەموو خزم و کەس و دۆستانی نەسرین خانم و سەرجەم تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵانی دڵسۆز و ئەمەگناسی خەڵکی کوردستان و خۆمان دەکەین، و خەمی لە دەست‌چوونی نەسرین خانم بە هی هەموولایەک دەزانین.

خاتوو نەسرین قاسملوو ساڵی ١٣١٢ هەتاوی لە شاری پڕاگ لە پێتەختی وڵاتی چێک‌وسڵواکیی ئەوکات لەدایک بوو. خوێندنی لە زانستگەی ئەم شارە دەست پێ کرد و لە سەردەمی خوێندکاریدا لەگەڵ ڕێبەری نەمر دوکتور قاسملوو کە ئەویش ساڵەکانی کۆتایی خوێندنی لەم زانستگەیەدا تێپەڕ دەکرد ئاشنا بوو. دواتر ئەو یەکترناسینە لە ساڵی ١٩٥٢ زایینی بەرانبەر بە ١٣٣١ هەتاویدا پێک‌هێنانی ژیانی هاوبەشی لێ‌کەوتەوە. لەو کاتەوە تا کاتی ماڵئاوایی‌کردنی، خاتوو نەسرین قاسملوو لەگەڵ کورد و خەبات و بزووتنەوە ڕەواکەی ژیا و بە ئاواتی دیتنی ئازادی و بەماف‌گەیشتنی نەتەوەی کورد سەری نایەوە و لە ڕاستیدا چارەنووسی خۆی لە چارەنووسی کورد و خەباتەکەی گرێ دا.

وەفاداریی نەسرین خانم بە ڕێباز و حیزبەکەی دوکتور قاسملوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو ساڵانی دوای شەهیدکرانی دوکتور قاسملووشدا بەرچاو و بەردەوام بوو، هەرگیز چ لە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیدا و چ لە بیروباوەڕی دێموکراتیانەیدا لە حیزبەکەی دوکتور قاسملوو مەودای نەگرت و حیزبی دێموکراتیش چاوی لەسەر هەڵنەگرت. نەسرین خانم وێڕای دوکتور قاسملوو هەموو ئەو گرفتانەی ژیانی نهێنی لە تاران و ئاوارەیی لە عێراق و دواتر لە ئورووپای بەدڵ وەرگرت و بیرەوەرییەکانی خۆی لەو ژیانە پڕ ئازار و مەینەتەدا لە کتێبی (ئورووپاییەک لە وڵاتی کوردان)دا بەیان کردووە. 

بەرهەمی ژیانی هاوبەشیی دوکتور قاسملوو و خاتوو نەسرین قاسملوو دوو کچ بە ناوەکانی "مینا" و "هیوا"ن کە ئەوانیش بە هۆی ئەرکی خەباتگێڕانەی دوکتور قاسملوو زۆر بەکەمی لە نازی باب کەڵکیان وەرگرت. مانەوەی ماوە بە ماوەی نەسرین خانم لە شاخ و بوونی لە پەنا دوکتور قاسملوو و ناسینی لە نزیکەوەی پێشمەرگە و ژیانی شۆڕشگێڕانەیان هەم نەسرین خانمی لە دڵی پیشمەرگە و تێکۆشەرانی دێموکراتدا جێ کردبۆوە و هەم تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی کوردستان و ئاواتەکانی ئەو نەتەوەیەی بۆ هەمیشە لە دڵی  و زەین و مێشکی نەسرین خانمدا بۆ هەمیشە زیندوو ڕاگرتبوو.

جارێکی دیکەش بە ناوی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خەمی خۆمان بۆ لەدەستچوونی نەسرین خانم دەردەبڕینەوە و یاد و ناو و زەحمەتەکانی بۆ هەمیشە لە یاد و لەبیردا دێڵینەوە.

ڕوحی شاد و ئاواتەکانی بێنە دی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ هەتاوی
١١ی مارسی ٢٠٢٣ زایینی