کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکی هاوخەمیدا بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو نەسرین قاسملوو ڕایگەیاند: "ژیان و بەسەرهاتی خاتوو نەسرین نوێنگەی ژیانێکی شۆڕشگێڕانەیە".
دەقی پەیامەکە:
سەبارەت بە کۆچی دوایی خاتوو نەسرین سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری، بەتایبەت حیزبی دێموکرات و خۆمان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەم.
کۆچکردوو نەسرین خانم، بێجگە لەوەی هاوژینی ڕێبەری بلیمەتی حیزبی دێموکرات، شەهید دکتور قاسملوو بوو، کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست و خەباتکارێکی بەوەج و دیار بوو کە تا داویین هەناسەکانی ژیانی، دۆستی حیزبی دێموکرات و پاڵپشت و لایەنگری بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکڕاتیکی نەتەوەکەمان مایەوە. ئەم تایبەتمەندییانە وایان کردبوو کە خاتوو نەسرین لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنێک بەتایبەت لەگەڵ ڕۆژاواییەکاندا، زمانحاڵی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد بێ.
بەسەرهات و ڕابردووی خەباتکارانەی خاتوو نەسرین، پڕاوپڕە لە گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی و بەتەواوی مانا، نوێنگەی ژیانێکی شۆڕشگێڕانەیە؛ هەر بۆیە لە قۆناغە جیاجیاکاندا، چ لە سەردەمی شاخ و چ سەردەمی ژیانی هەندەران و ماوەیەکیش لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کورستان، شان بە شانی ڕێبەری شەهیدمان، سیمایەکی شۆڕشگێڕانە و دەروەستی لە خۆی نواند، و وەک خەباتکار و پێشمەرگەیەکی ڕەوشتجوان و بەئەمەگ، بەشی زۆری ساڵەکانی تەمەن و ژیانی پڕ لە شانازیی خۆی، تەرخانی شۆڕش و بزووتنەوەی کوردستان کرد.
لە سەردانەکانی دەرەوەی وڵات، هەموو کات کە بە دیداری شاد دەبوومەوە، یەکەم پرسیاری سەبارت بە دۆخی حیزبی دێموکرات و هاوسەنگەرانی بوو. هەموو کات بە دڵێکی پڕ لە هیوا و بە باوەڕی گەش و کەسایەتیی جوانی، دەبووە مایەی دڵگەرمیی هەموومان.
کۆچی دوایی خاتوو نەسرین هەواڵێکی دڵتەزێنە، بەڵام کەسایەتیی بەرز و ڕەوشتی مرۆڤدۆستانەی، میراتێکی نەمر و شیاوی لێفێربوونی بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات بەجێهێشتووە.
کۆچی "ئورووپاییەک لە وڵاتی کوردان"خەمباری کردین، بەم بۆنەیەوە سەرەخوشی لە خۆمان و بنەماڵەی خاتوو نەسرین و کچەکانی و هەموو هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەکەم.
ڕۆحی شاد و ڕەوانی ئارام.
مستەفا هیجری
٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١