کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: مەنشووری جۆرج تاون لەگەڵ خوێندنەوەی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران نایەتەوە

11:55 - 22 رەشەمه 2722

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێک لەگەڵ کوردکاناڵ، باسی لە ڕوانگە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینا، پرسی ئاڵترناتیڤ، داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێگەی سیاسیی کوردستان و مەنشووری "جۆرج تاون"، کرد.

ئێوارەی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێک لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ، لەبارەی مەنشووری جۆرج تاون ڕایگەیاند: "مەنشووری جۆرج تاون لەگەڵ خوێندنەوەی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران نایەتەوە. خوێندنەوەی ئێمە ئەوەیە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و دەبێ مافی نەتەوەکانی ئێران تێیدا ڕەنگ بداتەوە."

کاک خالید عەزیزی لەسەر داهاتووی ئێران ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ دوو نیزام نین، چونکە ئەزموون کراون؛ یەکیان نیزامی سەڵتەنەتییە و ئەوی دیکەیان نیزامی ئیستبدادی دینیی کۆماری ئیسلامییە. ئێمە لەگەڵ سیستمی کۆماریخوازی یان نیزامێکی کۆماری هیچ دژایەتییەکمان نییە و خودی حیزبی دێموکراتیش لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، لایەنگری فیدراڵیزمە."

ناوبراو لەسەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات جەختی کردەوە و وتی: "ئێمە لە مافەکانی نەتەوەی خۆمان پاشەکشە ناکەین و حیزبی دێموکرات لەسەر ئەرزی واقع و بۆ خەڵکی کورد لە کوردستان خەبات دەکات."

وتەبێژی حیزب سەبارەت بە چوونە نێو هاوپەیمانییەکان باسی لەوە کرد: "ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک سیلیبریتی ناچینە هاوپەیمانییەوە. هەروەها لەگەڵ موجاهدین و زۆری دیکەش دانیشتووین، بەڵام هێشتا نەچووینەتە نێو هیچ هاوپەیمانییەکەوە."