کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە وڵاتی ئۆتریش

00:00 - 22 رەشەمه 2722

کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی ئۆتریش، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، لەلایەن کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەلایەن دوکتور "جەزا ساڵحی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئۆتریش پێشکەش کرا.

لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزباییکردنی ڕۆژی جیهانیی ژن، ئاوڕێک لە مێژووی چەوسانەوەی ژنان و مێژووی خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانیان درایەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەهار هەمزەنژاد پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد و باسی لە پێویستیی پاڵپشتیی پیاوان لە ژنان و لێکگرێدانی خەباتی ژنان و پیاوان کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵێکی کۆمیتەی حیزب لەلایەن حوسەین خاڵخاڵەوە بە بەهار هەمزەنژاد، کۆتایی پێ هات.