کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆرانییه‌كی كۆن!

12:40 - 11 رەشەمه 2722

کەریم پەرویزی

ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕی پاشایه‌تی تازه‌ ڕووخابوو و چه‌ن ڕۆژێكی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیبوو. هشتا دۆخی نێو شار و گونده‌كان له‌ دۆخی كۆڵانه‌كانی دوای ڕه‌شه‌با و تۆفان ده‌چوون كه‌ زه‌وی ته‌ڕه‌ و شتومه‌كی بابرده‌له‌ به‌ملاوبه‌ولادا كه‌وتوون!

چه‌ند ڕۆژێک بوو كه‌ پۆستاڵی ئه‌منییه‌ و ژاندارم به‌سه‌ر ملی خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌مابوو، به‌ڵام هێشتا دژبانی و شاره‌وانی و ژاندارمری و پادگانه‌كان له‌جێی خۆیان بوون!

له‌ تاران و شاره‌ گه‌وره‌كان، پادگان و هێزه‌كانی ژاندارمری كه‌وتبوونه‌ ده‌ست خه‌ڵک و له‌ژێر ناوی شۆڕشدا چه‌كیان ده‌ست كه‌وتبوون، به‌ڵام له‌ كوردستان هێشتا پادگان و بنكه‌ نیزامییه‌كان له‌جێی خۆیان بوون. 

له‌نێو شاره‌كانیش ڕێژیمی پێشوو نه‌مابوو و ساواک و ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری نه‌مابوو، به‌ڵام كه‌سانی سه‌ر به‌ ساواک له‌و ناوه‌دا ده‌بینران كه‌ هێشتا له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ر  دیار ده‌كه‌ون.

دۆخێكی ناڕوون بوو كه‌ داهاتوو چیی پێیه‌؟ شۆڕش دژی پاشایه‌تی سه‌ر كه‌وتبوو، به‌ڵام هێشتا داهاتوو دیار نه‌بوو كه‌ چی ده‌بێ.

نزیك به‌ سێ حه‌وتوو له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایه‌تی، له‌و دۆخه‌دا كه‌ هه‌م خه‌ڵك هیوای ئازادییان هه‌بوو و هه‌م داهاتوو لێڵ و نادیار بوو له‌ لایان، له‌نێو شاره‌كان و گونده‌كانی كوردستان ده‌نگێک بڵاو بوویه‌وه‌ كه‌ میتینگێكی گه‌وره‌ له‌ مه‌هاباد به‌ڕێوه‌ ده‌چێ!

خه‌ڵک لێكیان ده‌پرسی كه‌ میتینگ بۆ چییه‌ و كێ قسه‌ ده‌كا؟ ده‌بێ باسی چی بكرێ؟ و‌ڵام ئه‌وه‌ بوو كه‌ دوكتور قاسملوو، ڕێبه‌ری حیزبی دێموكرات قسه‌ ده‌كا. خه‌ڵك وه‌ جووڵه‌ كه‌وتن و بۆیان بوو به‌ پرسیار كه‌ ئاخۆ دوكتور قاسملوو ده‌بێ چی بڵێ؟ هه‌ر بۆیه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ‌ شاری ئێران، جه‌ماوه‌ر وه‌رێ كه‌وتن به‌ره‌و شوێنی ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان، بۆ به‌شداری له‌ میتینگی دوكتور قاسملوو.

ڕۆژی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌، به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ هه‌موو كوردستان و له‌ شاری مه‌هاباده‌وه‌ كۆ ببوونه‌وه‌ و چاوه‌ڕێ بوون كه‌ دوكتور قاسملوو بێت. دڵه‌خورپه‌یان بوو كه‌ ئاخۆ دوكتور قاسملوو چ په‌یامێكی پێیه‌ و داهاتووی ژیانیان ده‌بێ به‌ چی؟

ڕۆژی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار كه‌سی له‌ مه‌هاباددا دوكتور قاسملوو، به‌ ناوی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكراته‌وه‌ په‌یامی درێژه‌دان به‌ خه‌باتی ڕاگه‌یاند و تێكۆشانی ئاشكرای حیزبی به‌ گوێی خه‌ڵک و به‌ گوێی گه‌لانی ئێران و به‌ گوێی سه‌رده‌مدارانی شۆڕشی دژی پاشایه‌تی گه‌یاند.

په‌یامی دوكتور قاسملوو له‌ ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی خه‌باتی ئاشكرای حیزبی دێموكرات دوای ٣٢ ساڵ تێكۆشانی نهێنی په‌یامێكی مێژوویی بوو كه‌ مانیفستی خه‌بات و تێكۆشان و ژیانه‌وه‌ی كوردستان و كورده‌ كه‌ دوای چه‌ندین ده‌یه‌، هێشتا نه‌ک نێوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ به‌ڵكوو وشه‌كانی و فۆرمی په‌یامه‌كه‌  تازه‌یه‌ و ده‌روونی تینووی خه‌باتكاران تێراو ده‌كا‌.

باسكردن و لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌یامی ڕێبه‌رێكی بلیمه‌ت و زانای وه‌ک دوكتور قاسملوو له‌ توانای ئێمه‌مانان نییه‌، به‌ڵام وه‌ک بیرهێنانه‌وه‌و باسكردن ئاوڕ له‌ هه‌ندێ له‌ خاڵه‌كانی ئه‌و په‌یامه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ دووباره‌ وه‌بیریان بێنینه‌وه‌ و ڕێنوێنی ئێسته‌ و داهاتوومان بن.

یه‌كێك له‌ گرنگترین كردار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی دوكتور قاسملوو ڕۆک و ڕوون بوونی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بوو و له‌ هه‌موو بڕگه‌كاندا، چ له‌ سه‌ر كه‌وتن و چ له‌ شكست و چ له‌ كاتی ئاساییدا ڕووی ده‌كرده‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی و به‌ڕوونی و به‌ ڕاشكاوی له‌گه‌ڵیان ده‌دوا.

سیاسه‌ت و تێكۆشان لای دوكتور قاسملوو به‌نهێنیكردن و دزینه‌وه‌ی  ڕاستیه‌كان له‌ خه‌ڵک كه‌ گوایه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌و بنه‌ما قووڵانه‌ی سیاسه‌ت‌ نازانن، نه‌بوو! چ له‌ ده‌سپێكی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ی خه‌باتی ئاشكرادا و چه‌ له‌ بڕگه‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو ئینشعابی كۆنگره‌ی چوار و دواتر له‌ هه‌ر ده‌ره‌تانێك و قۆناخێك كه‌ له‌به‌رده‌م خه‌بات و شۆڕش بوو، دوكتور قاسملوو ده‌چووه‌ نێو خه‌ڵكه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ ئارادا بوو، به‌ڕوونی و به‌ ڕاشكاوی به‌ خه‌ڵكی ده‌گوت. له‌و ڕۆژه‌شدا و له‌ ١١ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٥٧ی هه‌تاویدا، له‌و مێتینگه‌دا، دوكتور قاسملوو، باسی له‌ ڕاستیه‌كانی سه‌ر ئه‌رز ده‌كرد و به‌ خه‌ڵكی ده‌گوت كه‌ گه‌ر شۆڕش سه‌ركه‌وتووه‌، به‌ چ مانایه‌كه‌ و گه‌ر له‌ كوردستان بنكه‌ و پایه‌گاكانی ژاندارمری ماون، چ مانایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێ!

خاڵێكی گرنگی په‌یامی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌، وێڕای ڕاستگۆیی و ڕوونبونی دوكتور قاسملوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، هیوای بێهووده‌ نه‌دان به‌ خه‌ڵک و له‌ولاشه‌وه‌ ڕه‌ش نه‌كردنی هه‌موو شت و بێهیوا نه‌كردنی خه‌ڵک بوو. به‌و مانا كه‌ هه‌م ڕاستیه‌كانی بۆ خه‌ڵک باس ده‌كرد تاكوو خه‌ڵک وه‌كوو ئه‌مانه‌تدار و كه‌سانی جێی بڕوای ڕێبه‌ریی شۆڕشگێڕ، له‌ ڕاستیه‌كان بزانن و هه‌م هیوای درۆیینه‌ی پێ نه‌ده‌دان و هه‌مو دونیاشی وا تاریک و لێڵ نه‌ده‌كرد كه‌ خه‌ڵک له‌ هه‌موو شت بێهیوا بن.

ڕاستگۆبوون و هیوای درۆیینه‌ نه‌دان و هه‌روه‌ها بێهیوانه‌كردن و زاڵنه‌كردنی ڕه‌شبینی له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ڕێبه‌رێكی كاریزما و پراگماتیكی وه‌كوو دوكتور قاسملوو بوون كه‌ وای لێ كرد كه‌ خه‌ڵک بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ره‌كه‌یان بن و ئێستا دوای زیاتر له‌ ٣٣ ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدبوونی دوكتور قاسملوودا، خه‌ڵک له‌ شۆڕشی ژیاندا هاوار ده‌كه‌ن قاسملوو ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه‌.

له‌ په‌یامی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌دا دوكتور قاسملوو ده‌پرژێته‌ سه‌ر باسی مافه‌كانی كورد و ده‌ڵێ كه‌ ئێمه‌ وه‌كوو كورد له‌گه‌ڵ برا فارس و تورک و به‌لووچ و توركمه‌ن و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌نی و ئاسووری و ... پێكه‌وه‌ شۆڕشمان به‌ڕێوه‌ بردووه‌ و له‌ سه‌ركه‌وتنیشیدا ئێمه‌ ده‌بێ مافی خۆمان به‌ده‌ست بێنین. ڕێک سێ حه‌وتوو دوای نه‌مانی ڕێژیمی پاشایه‌تی دوكتور قاسملوو باس له‌ مه‌ترسییه‌ک ده‌كا و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد باس ده‌كا كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سانی به‌شدار له‌و كۆبوونه‌وه‌ پێیان سه‌یر بووبێ كه‌ تازه‌ ڕێژیمی پاشایه‌تی ڕووخاوه‌ و ئیدی مه‌ترسیی چی؟ به‌ڵام دوكتور قاسملوو هه‌م ده‌ركی مه‌ترسییه‌كه‌ ده‌كا و هه‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی باسی ده‌كا و هه‌م ڕێگاچاره‌شی پێیه‌.

ئه‌و مه‌ترسییه‌ كه‌ دوكتور قاسملوو باسی ده‌كا:

''تاوانباركردنی گه‌لی كورد به‌ جیاوازیخوازی، ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی، گۆرانییه‌كی كۆنه‌! هه‌روه‌خت گه‌لی كورد داوای مافی خوراوی خۆی كردوه‌، ئه‌م تاوانه‌یان پێ به‌ستووه‌. ئێمه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌م تاوانه‌ به‌ ته‌وته‌ئه‌ی دوژمنانی شۆڕش ده‌زانین و به‌ته‌واوی ڕه‌دی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ڕایده‌گه‌‌ینین كه‌ له‌ سه‌راسەری كوردستاندا هیچ هێزێک داوازی جیابونەوه‌ ناكا، كورد داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ئێراندا ده‌كا. ئه‌گه‌ر دوژمنانی شۆڕشی ئێران و گه‌لی كورد، پێیان وایه‌ به‌ تاوانباركردنی گه‌لی كورد به‌ جیاوازیخوازی و ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی، كورد وا لێده‌كه‌ن حاڵه‌تی دیفاعی بگرێ و داوای مافی خۆی نه‌كا به‌ هه‌ڵه‌ چوون!''

 

دوكتور قاسملوو باس له‌ گۆرانییه‌كی كۆن ده‌كا! گۆرانییه‌ک كه‌ له ‌سه‌رده‌می پاشای پاڵه‌ویدا دروس كراوه‌ و ده‌سكردی ده‌زگای دژه‌مرۆیی ساواكه‌ و تۆمه‌تی ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی له‌ كورد ده‌ده‌ن! ئه‌م تۆمه‌ته‌ هه‌ر وه‌كوو دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیستمی دیكتاتۆریی خۆیانی پێ درێژه‌ بده‌ن و له‌ژێر ناوی دژایه‌تیی ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌باندا ده‌یانه‌وێ سه‌ركوت له‌ كوردستان درێژه‌ پێ بده‌ن و كورد له‌ مافه‌كانی بێبه‌ری بكه‌ن و به‌ ناوی شه‌ڕی كوردستانه‌وه‌ ئازادییه‌كانی خه‌ڵک له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێرانیش پێشێل بكه‌ن.

ڕێژیمێك كه‌ نه‌یه‌وێ‌ مافی خه‌ڵك بدا، به‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی بیانوویه‌كه‌‌وه‌ ده‌گه‌ڕێ كه‌ ئه‌و مافه‌ پێشێل بكا و پشتگوێی بخا. ڕێژیمه‌ ملهوڕ و چه‌واشه‌كاره‌كان و كه‌سانی فاشیست و دژه‌مافه‌كانی گه‌ل، به‌ڕوونی باس له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ ئه‌و مافه‌تان ناده‌ینێ، به‌ڵكوو تۆمه‌تێک هه‌ڵده‌به‌ستن كه‌ ئه‌سڵی باس و مافه‌كه‌ به‌لاڕێدا ببه‌ن و گفتوگۆكه‌ بكه‌نه‌ گفتوگۆیه‌كی لاوه‌كی و له‌ كۆتاییشدا ده‌ست بده‌نه‌ چه‌ک بۆ سه‌ركوتكردن! ئه‌م پیلانه‌ كۆنه‌ كه‌ هه‌ر وه‌كوو دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ، گۆرانییه‌كی كۆنه‌، سه‌دان و هه‌زاران جار دووپات ده‌كرێته‌وه‌ تاكوو وا له‌ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ بكه‌ن كه‌ باسی مافی ڕه‌وای خۆیان نه‌كه‌ن و گه‌ر ورده‌ شتێكیش باس بكه‌ن، زۆر به‌ شه‌رمه‌وه‌ باسی بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد مافی خۆیه‌تی كه‌ به‌ڕوونی پێی بگوترێ كه‌ چیدی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له‌سه‌ر نامێنێ. ده‌ڵێ كه‌ به‌ڕوونی ڕایده‌گه‌ینین كه‌ ئێمه‌ بۆ دابینكردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وكه‌مان خه‌بات ده‌كه‌ین.

هه‌ر له‌وپه‌یامه‌دا دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی باس له‌و مافانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد و ڕێگاچاره‌كه‌ی كه‌ ئه‌وكات به‌ خودمختاریی ده‌زانی باس ده‌كا، به‌ ڕێژیمی تازه‌ش ڕاده‌گه‌ینێ كه‌ نابێ‌ ئه‌رته‌ش و ژاندارمری وه‌كوو پێشوو بۆ سه‌ركوت به‌كار ببرێ و ئیداره‌ی كوردستان به‌ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ بێ‌ و زۆر ڕێكاری دیكه‌ باس ده‌كا و به‌تایبه‌ت باس له‌ خاڵێكی گرنگ ده‌كا كه‌ ده‌ڵێ هه‌مان ڕێكاری ڕێژیمی پێشوو نه‌گرنه‌ به‌ر!‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ گژی یه‌كدا بكرێ!

ده‌ڵێ كه‌ نابێ ڕێگا بده‌ین دوژمن له‌ نێوماندا ڕه‌خنه‌ بكا و دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی پێک بێنێ! نابێ‌ هیچ چین و توێژێكی نیشتمانی و هیچ عه‌شیره‌تێک دژی عه‌شیره‌تێكی دیكه‌ و هیچ هێزێكی سیاسی دژی هێزی سیاسیی دیكه‌ هان بدرێ!

ئه‌مانه‌ به‌شێک له‌و تاكتیكانه‌ن كه‌ دوژمنان هه‌میشه‌ دژی كورد و كوردستان به‌كاریان هێناون و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وكات دوكتور قاسملوو به‌ڕوونی باسیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ و ده‌ڵێ كه‌ ئه‌و ڕێگا كۆنانه‌ مه‌گرنه‌ به‌ر!

په‌یامی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌ی دوكتور قاسملوو هه‌روه‌ك گوترا، مانیفستی خه‌بات و مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و حیزبی دێموكراته‌ و ئێسته‌ش دوای ٤٤ ساڵ هه‌ر به‌ تازه‌یی ماوه‌ته‌وه‌. چونكه‌ هه‌م دوكتور قاسملوو ڕێبه‌رێكی كاریزماتیک و بلیمه‌ت بوو كه‌ به‌وردی و به‌ دروستی باسی ده‌رد و ده‌رمانه‌كانی ده‌كرد و هه‌م ئێسته‌ش دوژمنانی كورد هه‌مان ڕێكاره‌ پێشووه‌كان ده‌گرنه‌ پێش و وشیاریمان له‌سه‌ر پیلانه‌كانیان و هه‌روه‌ها رۆکبوون و سووربوونمان له‌سه‌ر مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پێویسته‌.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین.