کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و مەحکوومکردنی ژهراویکردنی قوتابییان، خۆپیشاندانێک لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو

11:15 - 23 رەشەمه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمە، بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و بە تایبەتی بۆ مەحکوومکردنی هێرشی کیمیایی ڕێژیم بۆ سەر کچانی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان، لە ناوەڕاستی شاری ''پێرت'' لە ڕۆژاوای ئوسترالیا خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانییان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران کە دانیشتووی ئەو شارەن، تێیدا بەشدار بوون.

لەو خۆپیشاندانەدا ''ئیەن گوود ئێناف''، ئەندامی پارلمانی فیدراڵ لە حیزبی لیبراڵ لە وتارێکدا پشتیوانیی خۆی لە شۆڕشی خەڵکی ئێران ڕاگەیاند و وتی: "لە گەڵتان دەبم و پشتیوانیتان لێ دەکەم هەتا حکوومەتی ئوسترالیا کاردانەوەی جیددیی دەبێت.''

دواتر خۆپیشاندەران بە دروشمدان بە چەند شەقامێکی ئەو شارەدا درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا. بەشێک لە دروشمەکان بریتی بوون لە: ''یونیسێف منداڵەکانمان پارێزراو نین''، ''دێموکراسی بۆ ئێران"، "ئاخوند بڕۆ دەرەوە لە ئێران''، ''ژن ژیان ئازادی"، "بەسیجی، سپایی داعشی ئێمە ئێوەن'' و ''نەمان بۆ دیکتاتۆر.''