کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندارێکی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری سنە بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا

16:29 - 24 رەشەمه 2722

محەممەد ئاریان خۆشگوار، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە پاش چوار مانگ مانەوە لە ناوەندە دەرمانییەکان کە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاونیوز"، محەممەد ئاریان خۆشگوار، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە لە مانگی خەزەڵوەردا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بریندار ببوو، پاش نزیک بە چوار مانگ چاوەدێریی پزیشکی لە شاری تاران، شەوی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

تەرمی محەممەد ئاریان خۆشگوار، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە لەژێر چاوەدێری و میلیتاریزەی چڕوپڕی هێزەکانی ڕێژیمدا لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی شاری سنە ئەسپەردە کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی خۆشگوار کردووە کە نابێ کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و لەگەڵ هیچ میدیایەکشیدا نابێ وتووێژ بکەن.