کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی چوارشەممەسوورییەوە ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

16:50 - 24 رەشەمه 2722

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی تاراوگەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، لە وڵاتی دانمارک لە شاری کۆپێنهاگ بەبۆنەی چوارشەممەسوورییەوە ڕێوڕەسمێک لەلایەن گرووپی ''ھاوھەنگاو لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی''، بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا لەلایەن دوکتور سەعید سووڵتانپوور و ئەحمەد ڕەحمانی، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە زمانەکانی دانمارکی و کوردی سەبارەت بە ڕۆژی چوارشەممەسووری وتار پێشکەش کرا.

دوکتور سەعید سووڵتانپوور لە بەشێک لە وتارە دانمارکییەکەدا وتی: ''ئێمە دەنگی خەڵکی ئازادیخوازی خۆمان لە دەرەوەی وڵاتین و تاکوو ڕووخانی ڕێژیمی مەلاکان و وەدیھاتنی ئامانجی خەڵکی ئێران، واتە ئازادی و ڕزگاریی یەکجارەکی، لە تێکۆشان ناوەستین. خەباتی ئێمە لە تاراوگە گرێدراوی خەباتێکە کە لە نێوخۆی ئێران و کوردستاندا لەسەر شەقام خوێنی بۆ دەڕژێت و ژن ژیان ئازادی بووەتە دروشمی ھەر تاکێک لە نێوخۆ و دەرەوە.

هەروەها ئەحمەد ڕەحمانی لەسەر مێژوو و فەلسەفە و نەریتی چوارشەممەسووری باسێکی پێشکەش کرد و وتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە درێژایی دەسەڵاتی دژە مرۆیی خۆی، دژایەتیی کولتوور و ڕێوڕەسمی گەلانی ئێرانیشی کردووە و بۆ سڕینەوەی نەریتەکانی ئەم نەتەوانە، لە هیچ فرت و فێڵێک نەوەستاوە."

کۆتا بڕگەی ئەم ڕێوڕەسمە کردنەوەی ئاگری چوارشەممەسووری و پێشکەشکردنی چەندین سروود و گۆرانی و دروشمدان لە ڕاستای شۆڕش و ڕاپەڕینەکەی ژینا لە ئێران بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بوو.