کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی، بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە

16:53 - 24 رەشەمه 2722

مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بە بیانووی ڕەوانەکردنی بۆ دادگا لە ژووری پاسەوانیی بەندیخانە بانگ کراوە و لەوێشەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ گواستراوەتەوە. 

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردووش جارێکی دیکە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە و پاش دوو ڕۆژ بۆ بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانە هێنراوەتەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "ئەڵکاوێـ"ـی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن لقی دووی دادگای ڕێژیمەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامیەتی لە حیزبێکی کوردستانیی دژبەری ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ساڵی ٩٩ی هەتاوی، حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامیەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم" لەلایەن لقی دووی دادگای ڕێژیم لە شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شێخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە و هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.