کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

09:20 - 25 رەشەمه 2722

شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خەڵکی شاری بۆکان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاو نیوز"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.

هێزەکانی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە پێوەندیی تەلەفۆنییان بە بنەماڵەی ئەحمەدی‌نژادەوە گرتبوو و ڕایانگەیاندوو کە بۆ ئازادیی کاتیی کوڕەکەیان بارمتە دانێن، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە بەو بنەماڵەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان گیانی لەدەست داوە و ئیدیعایان کردووە کە شێرزاد بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.

شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، ڕۆژی چوارشەممە ٢۶ی ڕێبەندان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم لە ورمێ گواسترابووەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی بوێر و چاونەترسی بۆکان، هاوکات لەگەڵ گەیشتنەوەی تەرمی شەهید شێرزاد بۆ بۆکان، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمگەلی "شەهید نامرێ" و "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی"، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.