کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین چاوپێکەوتنی مەحیەدین ئیبراهیمی و بنەماڵەکەی پێش لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەی

16:17 - 25 رەشەمه 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بنەماڵەکەی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شاری شنۆ کە بە ئێعدام مەحکووم کراوە بۆ دوایین جار پێش لە جێبەجێکرانی حوکمەکەی لە زیندانی ورمێ چاویان پێ کەوت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، بەرپرسانی زیندانی ورمێ، لە پێوەندییەکی تەلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەی مەحیەدین ئیبراهیمی پێیان ڕاگەیاندوون پێش لە جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانەکەی سەردانی زیندانی ورمێ بکەن و چاویان پێ بکەوێ، هەروەها بەرپرسانی زیندان پێیان وتوون کە بەم زووانە حوکمی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، مەحیەدین ئیبراهیمی، لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

 مەحیەدین ئیبراهیمی، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگاییکردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو، بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران" بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.