کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەگەل سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری تورکوو لە فینلاند

10:24 - 26 رەشەمه 2722

لە ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ و ٢٤ی ڕەشەمە، بە سەرپەرستیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند، دوو کۆبوونەوە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە لەگەڵ "میکا ماسکۆلا"، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری تورکوو، بەڕێوە چوو.

میکا ماسکۆلا، لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتی فینلاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوە دەچێت، لەسەر لیستی حیزبی سوسیال دێموکرات خۆی بۆ ئەندام پارلمانی ئەو وڵاتە بەربژێر کردووە.

ناوبراو لە کۆبوونەوەکەدا بە ڕاشکاوی ڕوانگە و بۆچوونەکانی خۆی هێنایە بەر باس و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە  پەنابەران وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی فینلاند دەبێ بە وشیارییەوە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەکاندا بکەن تا لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە کاریگەرییان هەبێت.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە چالاکانە لە باسەکاندا بەشدارییان کرد و داواکار بوون کە حیزبی سوسیال دیموکرات پێویستە بە کەڵکوەرگرتن لە تواناییەکانی خۆی لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان، لە دۆزی ڕەوای کورد بە تایبەت لە شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی بکەن.

شایانی باسە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش، کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزب و یەکیەتیی ژنان، لەسەر داوای "میکا ماسکۆلا"، کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.