کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی "ژن ژیان ئازادی" لە لەندەن

09:40 - 28 رەشەمه 2722

لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیا، لەلایەن کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتەوە، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێ کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی  سەری ساڵ و نەورۆزی کوردەوارییەوە، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆیان لە شاری لەندەن بۆ کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان پارچە شێعرێک لەلایەن ئاڵا شیۆخی و پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن ئەدیسۆن فەرامەرزی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا، پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و شۆرای دێموکراسیخوازان، لەلایەن ڕەحیم  بەندۆئی پێشکەش کرا.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا شانۆیەک لەلایەن گرووپی شانۆی "ژینا"وە نمایش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕی لەلایەن هونەرمەند بەرهەم شەمامی، کۆتایی پێ هات.