لە شاری "هۆرسێنسـ"ـی وڵاتی دانمارک، ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆزی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن کوردستانییانی دانیشتووی ئەو وڵاتەوە بەڕێوە چوو.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا ئاگری نەورۆزی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری "هۆرسێنس" لە وڵاتی دانمارک بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵ کرا و بەگەرمی پێشوازی لە نەورۆز و سەری ساڵی کوردەواری کرا.
بەشداربووان سەرەتا بە ڕێپێوان و وتنی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە وێستگەی شەمەندەفەری ئەو شارەوە بەرەو شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە ڕۆیشتن.
دواتر ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەیڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد و پاشان پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن "هاجەر قادریـ"ـیەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، پەیامی ناوەندی هاوکاری بە زمانی دانمارکی لەلایەن "هۆنیا ئازەربار"ەوە پێشکەش کرا و پەیامی پارتی "ئێنهێدلیستنـ"ـی دانمارک لەلایەن خاتوو "لیسبێت تۆرفینگ" و پەیامی پارتی "سۆسیال دێموکراتـ"ـی دانمارک لەلایەن "پیرادیپ ڕابین دراناد"ەوە پێشکەش کرا.
لە نێوئاخنی ڕێورەسمەکەدا چەند پارچە شێعر خوێندرایەوە و گۆرانیی شۆڕشگێڕی لەلایەن "یەدی چراغیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.
لە دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا ئاگری نەورۆزی شۆڕشی ژینا هەڵ کرا.