کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە کانادا بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا

10:33 - 28 رەشەمه 2722

لە ڕۆژاوای وڵاتی کانادا، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی کانادا، وەک ئەندامی سەرەکیی بەڕێوەبەری ئەو خۆپیشاندانانە کە هەموو شەممەیەک بەڕێوە دەچێت، لە ڕۆژاوای وڵاتی کانادا خۆپیشاندانێکی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەکە بە چەندین پارچە مۆسیقا لەلایەن گرووپی سابات و ساوێنەوە دەستی پێ‌ کرد.

دواتر لەلایەن کەیوومەرس بەیگی، وتارێک لەسەر ئێعدام و هێرشی كیمیایی بۆ سەر قوتابخانەكان و بەتایبەت ڕوڵی خەڵكی كوردستان كە هەردەم لە  پێشەوەی بەرخۆداندا بوون، پێشكەش بە بەشداربووان کرا.

پاشان پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن "فایزە نەوزاد"، خۆێندرایه‌وە كە ئاماژەی بە جینایەتەكانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان کرد، بە تایبەتی باسی لە شەهیدانی نوێی گەلەكەمان کرد كە لەو چەند ڕوژەدا بە دەستی كوماری ئێسلامی شەهید كراون.

لە بەشێكی دیكەی بەرنامەکەدا گرووپێكی درام لە وڵاتی ژاپۆن بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بە پێشكەشكردنی چەند پارچە مۆسیقایەکم پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو شۆڕشە دەربڕی و بە دروشمی دژی کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.