کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ساڵی ١٤٠١دا نزیکەی ٣٠ هەزار هاووڵاتی لە ئێران دەسبەسەر کراون

11:27 - 28 رەشەمه 2722

چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا، ٢٩ هەزار و ٦٨٨ هاووڵاتی بە هۆکاری سیاسی و بیروڕای جیاواز، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٤٠١دا لە ئێران، ٦١٧ بەندکراو بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون. هەروەها زیاتر لە ٢ هەزار و ٨٠٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ٥١٤ مانگرتنی کرێکاری و مەدەنی بەڕێوە چووە.

جگە لە کوژرانی چەند سەد کەس لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، دەزگای قەزایی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم بە گشتی ٣٣ هەزار ساڵ بەندکردنیان بەسەر خۆپیشاندەراندا سەپاندووە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئاماریی ماڵپەڕی هێرانا هاتووە کە لقە جۆراوجۆرەکانی دادگاکان و بەگشتی دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم، لە ماوەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە هەزار و ٧٥ دۆسیە، لانیکەم ٣٣ هەزار و ٦٧١ ساڵ سزای بەندکردنی بەسەر تۆمەتبارانی سیاسی و ئەوانەی بیروڕای جیاوازیان هەیە سەپاندووە.

هەروەها لانیکەم ١١ میلیارد و سەد و یەک میلیۆن تمەن سزای نەختی بەسەر کەسانی دیکە کە بە جۆرێک ڕای جیاوازیان هەبووە، سەپێندراوە.