کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی نەورۆزی ژینا لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ

12:28 - 28 رەشەمه 2722

ڕێوڕەسمی نەورۆزی ژینا لەلایەن کوردستانییان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتەوە لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ بە شکۆوە بەڕێوە چوو.

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێورەسمی نەورۆز لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی نۆروێژ، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن ئەوین ڕۆستەمی و هانا مەعارەفیان، پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکەوە، وێرای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز بە زمانەکانی کوردی، فارسی و نۆروێژی، بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و باسیان لە گرینگیی ئەو رۆژە و کاریگەریی لەسەر شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" کرد. هەروەها کورتەیەک لە مێژووی نەورۆز پێشکەش کرا.

پاشان خوسرەو قادری، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆسلۆ، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە پێشوازی ساڵی نوێدا وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە خەباتی نێوخۆ و پاراستنی یەکڕیزیی سیاسی و نەتەوەیی، بەڵێن دەدەین هەتا ڕزگاریی نیشتمان درێژە بە خەباتی سیاسی بدەین.

لە دوابەشی پەیامەکەدا کە ڕوو بە خەڵکی کوردستان بوو، باسی لەوە کرد: گەلانی ئێران و بیروڕای گشتیی جیهان دەنگی خەباتی ڕەوا و بەرحەقی ئێوەی بیست.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا هیوا ئەحمەدی و جەلال هانیسی چەند پارچە شێعریان خوێندەوە و لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا و بەپێی نەریتی کوردانە، ئامادەبووان بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و بە هەڵپەڕکێی کوردی، بەرەوپیری ساڵی نوێوە چوون.