ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۷ی ڕەشەمە، هەیئەتی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە بەشداریی کەسایەتییە سیاسی و ناسراوەکانی کورد و فەرانسە و ئەندامانی حیزب لە ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، ڕێزیان لە کەسایەتیی خاتوو نەسرین قاسملوو، هاوسەری شەهید دوکتور قاسملوو گرت.
ڕێوڕەسمەکە بە وتەکانی دوکتور کەنداڵ نەزان، بەرپرس و بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی کورد لە پاریس دەستی پێ کرد.
ناوبراو وێرای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی نەسرین قاسملوو، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆچکردوو تا دواهەناسە بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و شەهید دوکتور قاسملوو وەفادار مایەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی حیزبی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی نەسرین خانم قاسملوو، سەرەخۆشیی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی حیزبی دیمۆکرات کرد.
ناوبراو بەوپەڕی ڕێز و ئەمەگناسییەوە ئاماژەی بە ژیانی سیاسی و پێشمەرگانەی خاتوو نەسرین لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو کرد و لە هەمان کاتدا باسی لە وەفاداریی حیزبی دیمۆکرات لەهەمبەر ئەو بنەماڵەیە کرد و وتی: "نەسرین قاسملوو تا دواهەناسە وەفادار بە حیزب مایەوە، بۆیە حیزبی دیمۆکراتیش وەفادار بە ڕۆڵ و زەحمەتەکانی نەسرین قاسملوو دەمێنێتەوە."
کاک حەسەن شەرەفی سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکراتی بۆ بەشداری و دڵسۆزیی دوکتور بێرنارد کوشنێر، وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتی فەرانسە و هەروەها دوکتور فرێدریک تێسو، سەرکۆنسولی پێشووی دەوڵەتی فەرانسە لە هەرێمی کوردستان کرد کە هەردەم هاوڕێ و هاوکاری نەتەوەی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات بوون.
لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا هەر یەک لە بەڕێزان دوکتور بێرنارد کوشنێر، دوکتور فرێدریک تێسو، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و هەروەها خاتوو مریەم علیپوور، چەند وتەیەکیان لەسەر کەسایەتیی خاتوو نەسرین قاسملوو پێشکەش کرد.
کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە وتەکانی کاک بابەک قاسملوو، برازای شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و نوێنەری بنەماڵەی کۆچکردوو کۆتای پێ هات. ناوبراو سپاسی سەرجەم بەشداربووان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کرد کە لە دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، هەردەم یار و پشتیوانی ئەو بنەماڵەیە بوون.