بە بەشداریی کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی سویس، لە شاری لۆزان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ نەورۆز بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە، بە بەشداریی کوردستانییانی هەر چوارپارچەی کوردستان، ڕێوڕەسمی نەورۆز لەژێر ناوی نەورۆزی ژینا لە شاری لۆزانی سویس بەڕێوە چوو. نەورۆزی ئەمساڵ لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و لەژێر ناوی ژینا دیاری کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەویی ئەیڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان ڕێوڕەسمە لەلایەن عەبدی چیدار، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی کۆمکار بە وتارێک کرایەوە.
دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن زاهێر قادرحاجی پێشکەش کرا. ناوبراو لە بەشێک لە پەیامەکەدا ئاماژەی بە پێویستیی ڕۆحی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ و لە دەرەوە کرد و وتی: یەکگرتوویی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و خەڵکی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەدا یەکێک لە گرینگترین پێداویستییەکانی خەباتی بزووتنەوەی کوردە بۆ بەگژاچوونەوی داگیرکەر.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، پەیامی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بۆ شۆڕشی ژینا پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن چەندین لاوی کوردەوە ئاڵایەکەی گەورەی کوردستان لەنێو ئاپۆرەی جەماوەری خەڵکەکە هەڵ درا.
لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەی نەورۆزی لۆزان، ئاگری نەورۆز لەلایەن نۆێنەرانی هێزە کوردستانییەکانی بەشدار و یەک لەوان نوێنەری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەڵ کرا و بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی تینێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.
شایانی باسە کە لە ڕێوڕەسمەکەدا، شارەوانی شاری لۆزان و چەند پارلمانتارێکی سویسی بەشدار بوون.