ڕێوڕەسمی جەژنی نەتەوایەتیی نەورۆز کە ئەمساڵ بە ناوی نەورۆزی ژینا ناودێر کراوە، بە بەشداریی هەزاران کوردستانی لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ۲۷ی ڕەشەمەی ۱۴۰۱ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی جەژنی نەتەوایەتیی نەورۆز كە ئەمساڵ بە نەورۆزی "ژن ژیان ئازادی" ناوزەد كرابوو، لەسەر داوای ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی پێشنیار كرابوو، بە بەشداریی هەزاران كوردستانی و ئەندامانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كەسایەتییە كوردستانی و ئایینییەكان، نوێنەر و ئەندام پارلمانی حیزبی سوسیال دێموكراتی هەرێمی نۆردراین وێستفاڵان و حیزبی سەوزی ئاڵمان، بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەیڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێ كرد و ئاگری نەورۆز لەلایەن كیژ و كوڕانی مەشخەڵ بەدەست هەڵ كرا.
دواتر پەیامی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، لەلایەن ڕەشید ڕەحمانی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ئاڵمان، خوێندرایەوە؛ هەروەیا پەیامی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی بە كرمانجی و سۆرانی خوێندرایەوە.
لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، چەندین ستران و سروودی شۆڕشگێڕی پێشكەش بە بەشداربووان كرا.
لە بەشێكی تری ڕێوڕەسمی نەورۆزی ژن ژیان ئازادی، پەیامی خاتوو کارۆلین کیرش، ئەندام پارلمانی هەرێمی نۆردراین وستفاڵان لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دێموكرات و خاتوو دەریا کاراداگ بە نۆێنەریی حیزبی سەوزی ئاڵمان لە شاری كۆڵن كە ئەندامی شارەوانی و وتەبێژی یەکیەتیی ژنانە، بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە.
لە کۆتاییدا شێخ مورشید خەزنەوی، كەسایەتیی ئایینی و نەتەوایەتیی كورد و پەروا دێهلەقی، كەسایەتیی کوردی یارسان، وتارەكانی خۆیان بە بۆنەی نەورۆزی "ژن ژیان ئازادیـ"ـیەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.