کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لە وڵاتی ئۆتریش

12:12 - 29 رەشەمه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە، لەلایەن ڕەوەندی کوردییەوە لە ئۆتریش، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە قەراخ ئاوی دانووب لە شاری ڤییەن و بە بەشداریی کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی ئۆتریش بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان محەممەد شەریف یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە وتارێکی بە زاراوەی کرمانجی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە میژووی جەژنی نەورۆز و مانا و گرینگیی جەژنی نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان کرد و ساڵێکی پڕ لە بەختەوەریی بۆ خەڵکی کوردستان بە ئاوات خواست.

دواتر لەلایەن "محەممەد فەقێ‌عەلیـ"ـیەوە وتارێک بە زاراوەی سۆرانی پێشکەش کرا. ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاوڕێکی لە فەلسەفەی دیاریکردنی جەژنی نەورۆز دایەوە و باسی لە جوغرافیای ئەو ناوچەیە کرد کە جەژنی نەورۆزی تێدا بەڕێوە دەچێت.

پاشان هەموو بەشداران لە شوێنێک کە بۆ هەڵکرانی ئاگری نەورۆز ئامادە کرابوو، کۆ بوونەوە و ئاگری نەورۆزیان هەڵ کرد و بەشداران بە دەوری ئاگرەکەدا و بە یەکدەنگ سروودی ساڵی تازەیە نەورۆزەیان وتەوە.