ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆ بەبۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ناوەندی هاوکاری لە وڵاتی سوید بە هاوکاری و پشتگیریی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و بەشداریی نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، ئێرانی و سویدی و هەیئەتێکی دەیان کەسی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئێران، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان لەژێر ناوی نەورۆزی ژینا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەیڕەقیب و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بە گشتی و شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە تایبەتی دەستی پێ کرد.
پاش پێشکەشکردنی سروودی نەورۆز لەلایەن هونەرمەند نارین فەقێ، نەبەز عەلیدووست، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، پەیامی ناوەندی هاوکاریی بەبۆنەی نەورۆزەوە پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا محەممەد فەرهادزادە، پەیامی ناوەندی هاوکاریی بە زمانی فارسی خوێندەوە. پاشان قادر کاسیرگە، ئەندامی پارلمانی سوید لەسەر لیستی پارتی سوسیال دێموکراتی سوید، پەیامی پارتەکەی پێشکەش کرد.
کاسیرگە لە پەیامەکەیدا جگە لە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کوردستان، پشتیوانی و پشتگیریی حیزبەکەی بۆ شۆڕش و سەرهەڵدانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە دیکتاتۆری ئیسلامی دووپات کردەوە.
بەشیکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە تەرخان کرا بۆ چالاکییەکی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، کە لەو چالاکییەدا خانمەکان بە جلوبەرگی سوور کە بە واتای خوێنی شەهیدان و بەدەستەوەگرتنی مەشخەڵێک بە واتای ئاگری نەورۆز و پاشان نەخشاندنی دەموچاویان بە وێنەی ژینا بە واتای ئەوەی کە ژنانی کورد هەموویان ژینایەکی دیکەن، ڕێپێوانێکی جوان و پڕ مانایان لە گۆڕەپانی ڕێورەسمەکەدا بەڕێوە برد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی حیزبی لیبراڵی سوید لەلایەن خاتوو "گابریەلا توفتێرێد" خوێندرایەوە.