کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی نەورۆزی ژینا لە ڤانکۆڤێری کانادا

22:21 - 29 رەشەمه 2722

کوردستانییانی دانیشتووی کانادا، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بۆ نەورۆز لە شاری ڤانکۆڤێری ئەو وڵاتە بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمە، بە بەشداریی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ نەورۆز کە بە هاوکاریی ماڵی کورد و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێک خرابوو، لە شاری ڤانکۆڤێری کانادا بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن ئەنوەر کەریمی، ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران بە زمانی کوردی خوێندرایەوە. پاشان پەیامێک بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ژینۆ کەریمییەوە خوێندرایەوە

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، "مایک هیرلی"، شارەوانی شاری برنابی، وتەیەکی لەسەر نەورۆزی کوردەواری پێشکەش کرد.

دواتر "مایک هیرلی و تام کمیچ"، ئەندام پارلمانی کانادا و بەرپرسی کاروباری پەنابەران، ئاگری نەورۆزیان هەڵ کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا "تام کمیچ" چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دروشمی "ژن، ژیان ئازادیـ"ـشی وتەوە، هەروەها لە وتەکانیدا دەستەواژەی ڕۆژهەڵات، باشوور، باکوور و ڕۆژاوای کوردستانی بەکار هێنا.

لە درێژەدا سابات و ساوێن، دوو خوشکە هونەرمەندەکەی شاری ڤانکۆڤێر، بە سروودی شۆڕشگێڕی، کەشوهەوای نیشتمانیی ڕێوڕەسمەکەیان پڕڕەنگتر کردەوە.

پاشان پەیامی ماڵی کورد لەلایەن حەمە ڕانیەیی، بەرپرسی ماڵی کورد و دەقی فارسیی پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن مێهری کازمییەوە خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا دروشمی "ژن ژیان ئازادی" وترایەوە و ئامادەبووان بە جلوبەرگی کوردی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون.