کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە فینلاند لەگەڵ بەربژێرانی هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بۆ پارلمان

10:39 - 1 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، هەیئەتێکی ئەو کۆمیتەیە لەگەڵ نوێنەران و بەربژێرانی هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بۆ پارلمان، دیداریان پێک هێنا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی ئەحمەد حوسێنی، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فینلاند لەگەڵ "یۆهانێس ئورتیاهۆ"، سەر بە حیزبی چه‌پی فینلاند، دیداریان پێک ‌هێنا و باس لە کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیدار بە پرسی کورد و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک لە ئێران، کرا.

لەو دیدارەدا بە وردی لەسەر شۆڕشی ژینا قسە کرا کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا خەڵک لە پێناو ماف و ئازادییەکانی خۆیان هاتوونەتە سەر شەقام، بەڵام دەسەڵات لە ئێران زۆر نادێموکراتیکە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە خەڵک سەرکوت دەکات.

یۆهانێس ئورتیاهۆ، بەربژێر بۆ پارلمانی فینلاند، وێڕای پشتگیری لە دۆزی ڕەوای کورد وەک نەتەوەیەک کە داوای ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکات، بەڵێنیی دا کە لە ئەگەری سەرکەوتنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان هەوڵەکانی بۆ پشتیوانی لە خەبات و چالاکیی کوردستانییان زیاتر بکات.

شایانی باسە کە هاوڕێ لەگەڵ ئەحمەد حوسێنی، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فینلاند، سارا ئیبراهیمی، ئەندامی کۆمیتەی تورکوو و ئەفشین وەیسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوە، بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.