کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز لە باشووری ئوسترالیا

12:39 - 1 خاکەلێوه 2723

ئێوارەی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە، کۆمەڵەی کوردی باشووری ئوسترالیا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵی کوردی، لە ئاهەنگێكی بەشکۆدا بەشێکی بەرچاو لە کوردستانییانی ئەو شارەی لە دەوری یەک کۆ کردەوە و ئەو جەژنەیان بەڕێوە برد.

بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی‌ڕەقیب و سروودی نیشتمانیی ئوسترالیا و هەروەها خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر ئارام ڕەفعەت، سەرۆکی کومەڵەی کوردی لە باشووری ئوسترالیا چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد. پاشان پەیامی گرووپی لاوانی کوردی لەلایەن ''شەهلا پەیڕەوانـ''وە خوێندرایەوە.

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا فەخرەدین گەرمیانی، بە چەند کۆپلە شێعرێک کۆڕەکەی ڕازاندەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن باوە ڕەزایی، ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەدەلاید، پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

پاشان تۆنی زاپیا، نوێنەر لە پارلمانی فیدراڵی ئوسترالیا و ئەندامی حیزبی کرێکار، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، پشتیوانیی خۆی لە گەلی کورد ڕاگەیاند.

لە کۆتابەشی بەرنامەکەدا هونەرمەندان تولابی و سادق کرماشانی، بە گۆرانیی کوردی و بە هاوکاریی هێما شەخسی و شێرکۆ پشدەری میوزیکژەنانی لاو، بە میوزیکی ڕەسەن شەوێکی خۆشیان بۆ بەشداربووان ڕێک خست.