کۆمەڵەی کورد و کوردستانییانی سوید، بەبۆنەی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵەوە، ڕێوڕەسمێکیان لەژێر ناوی" نەورۆزی ژینا" لە شاری ئیسکلستوونا بەڕێوە برد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمەڵەی کورد و کوردستانییەکانی شاری ئیسکیلستوونای وڵاتی سوید، بۆ بەرز و پیرۆزڕاگرتنی یادی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی، بە بەشداریی کوردانی ئەو شارە و دەوروبەری، هاوکات بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و بنەماڵەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی حیزب لەو شارە و هەروەها نوێنەری حیزبە سویدییەکان، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
حیزبە سویدییەکانی بەشداربوو لەو ڕێوەڕەسمە بریتی بوون لە: حیزبی سوسیال- دێموکراتی سوید، پارتی چەپی سوید، پارتی لیبراڵی سوید و کریستین دێموکراتی سوید.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەیڕەقیب و خولەکێک بێدەگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و دروشمی ژن ژیان ئازادی، دەستی پێ کرد.
پاشان نوێنەرانی پارتە سویدییەكان، "ییمی یانس سۆن" لە حیزبی سۆسیال دێموكرات، "ماریا شەرگویی" لە پارتی چەپ، "تۆنی مێشكۆ" لە پارتی دێموكرات مەسیحییەكان، "كامیلیا سێدەرلۆف" لە پارتی لیبراڵەكان و هەروەها "فرات نەمروود" لەلایەن كۆمەڵەی كوردییەوە پەیامێكی پیرۆزباییان پێشكەش بە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.
دواتر پەیامی حیزبە سویدییەکان و پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەوی نەورۆزی ژیناوە لەلایەن عارف عەزیزی خوێندرایەوە.
لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، ئاگری بەتین و پڕبڵێسەی نەورۆز کرایەوە و بەشداربووان بە گۆڤەند و شایی، نەورۆز و ساڵی نوێیان پیرۆز کرد.