کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەدنەزیف قادری: ئامانجی شۆڕشی ژینا ڕزگاری لە چنگ دیکتاتۆری و دامەزراندنی سیستمێکی کۆماری، دێموکراتیک، سێکۆلار و فیدڕاڵە

16:34 - 2 خاکەلێوه 2723

دیمانە: دیاکۆ دانا

بەرایی:

دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە شۆڕشی ژینا لەمەڕ هۆکارەکان، کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی ئێران، ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و کورد و هەروەها شوێنکاری لەسەر دۆخی نێوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی و داهاتووی ئەو شۆڕشە بیروبۆچونی جیاواز لە ئارادایە. لەو نێوەدا هەرکەس و لایەنێک بە شێوازی تایبەت بە خۆی و لە گۆشەنیگای خۆیەوە لێکدانەوە بۆ ئەو شۆڕشە و دەرنجامەکانی دەکات. "کوردستان" بۆ تاوتوێی ئەو بابەتە وتووێژێکی لەگەڵ کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە.

کاک محەممەدنەزیف شەش مانگ لە شۆڕشی ژینا تێپەڕی. لە ئێستادا هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم شۆڕشە بە گشتی چۆنە و بە بڕوای ئێوە دەستکەوتەکانی بۆ خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان کامانەن؟

بە بڕوای من و زۆر کەسی‌ تر کە لە نیزیکەوە ئەم قۆناغە نوێیە کە بە شۆڕشی ژینا ئەمینی (مەهسا) ناودێر کراوە ئاگادارین، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شەهیدکردنی ئەم کچە کوردە بێتاوانە، مەرگی سیاسیی خۆیان واژۆ کرد. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدکردنی ژینا، دوای ئەزیەت و ئازارێکی زۆری ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و بە تایبەت ژنانی مافخواز و خەباتگێڕ، ئەم تاوانەیان لەقاو دا و ڕای گشتی گوشارێکی زۆری خستە سەر ڕێژیم و داوایان کرد تاوانبارانی ئەم جینایەتە سامناکە بە سزای ئەو تاوانەیان بگەیەنن.

بەرپرسانی ڕێژیم وەک هەمیشە ئەم ناڕەزایەتییانەیان پشتگوێ خست و بە شێوەی جۆراوجۆر پاساویان هێنایەوە و تا ڕادەیەک  هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ژینا کرد، کە بێ‌دەنگی بگرنە بەر و بێ خەبەر بوون لەوەی کە خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و چالاکڤانانی ژن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەرامبەر ئەم تاوانە بێ‌دەنگ نابن.  ئەوە بوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکدا وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە داوای لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ڕای گشتی کرد لە بەرامبەر ئەم کردەوە دژە مرۆییەدا بێ دەنگ نەبن. ئەوە بوو بێ دواکەوتن خەڵکی بوێری کوردستان ئەم ڕووداوەیان کردە دەستپێکی شوڕشێکی نوێ و لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی خاتوو ژینا لە سەرتاسەری ئێرانەوە لە هەموو چین و توێژەکانەوە بەشدارییەکی مێژوویی و بێ وێنە کرا و شاری سەقز بوو بە مەکۆی ئەم شۆڕشە و دواتر شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.

  لە ئاستی ئێراندا ئەم شۆڕشە گوتاری ئازادیخوازی، مافخوازی و وەلانانی ئەو بە نێو یاسا و ڕێسایانە بوو دژی ژن و... بانگەشەی یەکیەتی و یەکڕیزیی گەلانی ئێران و هەمبەستەگی و هاوخەباتی لە سەرتاسەری وڵات بوو. جیاوازییەکی ئەم شۆڕشە لەگەڵ بزووتنەوەکانی ساڵانی ڕابردوو لەوەدا بوو کە خۆپێشاندەران یەکدەنگ دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان هەڵگرت و تا ڕادەیەک ئەوانەش کە بە جۆرێک بە هیوای ئاڵوگۆڕ لە ڕێژیمدا بوون بە ئەم شۆڕشەوە پەیوەست بوون و ڕێبەرانییان پشتیوانییان لە شۆڕشی ژینا لەژێر ناوی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرتاسەری ئێران و دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیشی تەنییەوە و ئێستا شۆڕشی ژینا بۆتە هیواییەک بۆ داهاتووی ئێران و ئازادبوونی وڵات لە دیکتاتۆریی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

  لە ئاستی کوردستانیشدا شۆڕشی ژینا سیمایەکی مرۆڤ‌دۆستانە، شۆڕشێکی ئەمڕۆیی لەسەر بنەمای هاوخەباتی و پێکەوەژیانی گەلانی ئێرانی پیشان دا. جارێکی دیکە ڕۆڵ و دەوری کوردی دەرخست و گەلی کورد و کوردستان بوونە هەوێنی ئەم شۆڕشە سەرتاسەرییە بە تایبەت ژنان، لاوان، خوێندکاران، هونەرمەندا و وەرزشوانان پێشەنگی ئەم کاروانە پڕ لە شانازییە بوون و هەر ئەم یەکیەتی و یەکڕیزییەی گەلی کورد بوو کە لە سەرتاسەری ئێرانەوە دەیان دروشمی شیاو بۆ کوردستان درا.

لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا دیتمان کۆماری ئیسلامی، بە توندترین شێوە خۆپیشاندەرانی سەرکوت کرد و ڕەفتاری سەرکوتکارانەی ڕێژیم کاردانەوەی جیددی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدواوە بوو. بە بڕوای ئێوە بە گشتی ئەو شۆڕشە  چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئەو ڕێژیمە لە ئاستی نێودەوڵەتی دانا؟

هەروەک ئاماژەم پێ دا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی ئەم شەهیدە و وەجووڵەخستنی هێزەکانی بۆ سەرکوت و گرتن و ئازار و ئەشکەنجەی پێشڕەوانی ئەم شۆڕشە، لە تەواوی شارەکان کەشێکی ئەمنییەتیی وەڕێ خست و بە سەدان کەسی شەهید و بریندار و هەزاران کەسیشی قۆڵبەست و ڕەوانەی ئەشکەنجەگاکان کرد. لە بەرانبەر ئەم کردەوە فاشیستییانەی ڕێژیم، لە سەرتاسەری جیهان وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو، ڕێکخراوە مرۆڤ‌دۆستەکان و بە تایبەت کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارلمانی ئورووپا، کۆنگرەی ئامریکا و ڕاگەیەنەکان پشتیوانییان لەم شۆڕشە کرد و لە چەندین شاریش لە ئورووپا و... شەقامەکانییان بە ناوی ژیناوە ناودێر کرد و ئەم شۆڕشەیان وەک شۆڕشێکی مرۆڤ‌دۆستانە و دێموکراسیخوازانە پێناسە کردووە و هەنووکەش لەژێر ڕووناکایی ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە کۆڕوکۆبوونەوە دەگیرێ.

لە پارلمانی ئورووپا پرسی بە تێرۆریستی ناساندنی سپای پاسداران پەسەند کرا و لە ناوەندەکانی بڕیار لە ئورووپا و ئامریکا و... بە دەیان کەس لە بەرپرسانی دژی گەلیی ڕێژیم گەمارۆییان خرایە سەر. خاڵی بەهێزی ئەم شۆڕشە لەوەدایە تا دوێنێ وڵاتانی دەرەوە باسی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمیان دەکرد و هەنووکە لە ناوەندەکانی دیپلۆماسیدا پرسی گۆڕینی ڕێژیم باسی لێوە دەکرێ و سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرەوە ئەوە هەنگاو دەنێ ئەم ڕێژیمە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی. بانگهێشت‌نەکردنی هەییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاسایشی جیهانی لە میونیخ لە ئاڵمان دەرخەری ئەم ڕاستییەیە.

وەک دەزانین تا ئێستا لێک‌تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان ئۆپۆزیسیونی ئێرانی و ئۆپۆزیسیۆنی کورد نەهاتووەتە ئاراوە. بە بڕوای ئێوە هۆکارەکانی ئەو لێک‌تێنەگەیشتنە چییە؟

پرسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد پرسێکی هەستیارە. ڕوانگەکان جیاوازن بۆ گەیشتن بە هاوپەیمانییەکی سەرتاسەری و جێگرەوەیەک بۆ ڕێژیم و هەوڵەکان تا ئێستا بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتوون. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵێکی چروپڕمان داوە و لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چاوپێکەوتن و کۆڕوکۆبوونەوەمان بووە و جگە لە هەوڵەکانی حیزب، لە ناوەندی هاوکارییش لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەوڵ و تەقەلا داین و ئەم هەوڵانەشمان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و دۆستانمان بە ڕێککەوتنێک بگەین.

بۆ ئێمە شوناسی نەتەوەیی، ئامانجە نەتەوەییەکان و کوردستانێکی خاوەن سیستمی حوکمڕانی کە دەرخەری هێمایەکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک، فێدراڵ و سێکۆلار بێ گرێنگە. بەداخەوە بەشێک لە بەناو ئۆپۆزیسیۆن، بیرکردنەوەیەکی فاشیستانەییان هەیە و ئامادە نیین ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن کە وڵاتی ئێران فرەنەتەوە و فرەزمانە، ئەم بیرکردنەوەیە یەکێک لە کۆسپەکانی سەر ڕێگای هاوکارییە و لەمپەرە بۆ یەکگرتوویی بەرینتر. دیارە هەڵگرانی ئەم بیرۆکەیە نە لەنێوخۆی وڵات و لەنێو گەلانی ئێران و هێزە چەپ و دێموکراتەکاندا زۆر دەوریان نییە. ئەوەی دەتوانێ دەوری ئەرێنی بگێڕێ ئەو هێزانەن کە لە گۆڕەپانی خەباتدان.

لە ماوەی ڕابردوودا، شێوازی چالاکی و ڕوانگە و بیرۆچوونی سەڵتەنت‌خوازەکان کاردانەوی زۆری لایەنەکانی تری ئێرانی و کوردستانی لێ کەوتوەتەوە. حیزبی دێموکراتیش ڕایگەیاندووە ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی نییە. ئایا ئەم هەڵوێستەی حیزبی دێموکرات بە واتای مەرجدارکردنی هاوکارییە یان بە گشتی ڕەتکردنەوەی سیستەمی سەڵتەنەتە بۆ داهاتووی ئێران؟

سەبارەت بە سەڵتەنەتخوازی، ئەزموونی سیستمی پاشایەتی ئەزموونێکی تاڵ و شکست خواردووە و گەلانی ئێران لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا وەلایان ناوە. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە و دەوروبەرییان ئێستاش بە ئەو عەقڵییەتەوە دەیانەوێ سیاسەت بکەن و ڕێبازی شۆڕشی ژینا بە لاڕێدا ببەن، شۆڕشێک کە لەسەر بنەمای هەمبەستگی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران و هەڵگرتن و لابردنی یاسا و ڕێسا دژەمرۆییەکان بەرامبەر بە ژنان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قوربانیی بۆ دراوە، کەچی دەبینین لایەنگرانی ئەو بیرە کە هەر ئێستا ڕێگە خۆشکەرن بۆ ڕێکخستنەوەی سپای پاسداران و قاتڵانی خەباتگێڕانی شۆڕشی ژینا.

بۆیە ئامانجی شۆڕشی ژینا ئامانجێکە کە بانگەشە بۆ ڕزگاریی ئێران لە چنگ دیکتاتۆریی و دامەزراندنی سیستمێکی کۆماری، دێموکراتیک، سێکۆلار و فێدراڵ دەکات. ئێمە پێمان وایە ئامانجەکانی خەڵکی ئێران لەو جۆرە سیستمە حوکمڕانییەدا وەدی دێ و ئەرکی هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و خەباتگێڕەکانە کە ئەم سیاسەتە بگرنە بەر. چونکە ئەزموونی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە سیستمێکی ناوەندگەرا و پاوانخواز ناتوانێ ویستی خەڵک دابین بکا، سیاسەتی حیزبی دێموکراتیش زۆر ڕوون و ئاشکرا پشتبەستووانە بە ئیرادەی گەلی کورد پێداگری لەسەر شوناسی نەتەوەیی و هاوخەباتی لەگەڵ ئەو حیزب و لایەنانەیە کە باوەڕمەند بە ئەو سیستمە حوکمڕانییەن کە خەڵک لە سێبەریدا بە ئاسوودەییەوە بژین.

کاک محەممەدنەزیف لە ئێستادا دەزگای پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات وای بنوێنێت شۆڕشی ژینا کۆتایی هاتووە و لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە بە جۆرێکە کە گوایە دوژمنێکی دەرەکییان شکست داوە. ئەمەش بەئاشکرا بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵک. بە گشتی خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا چۆنە و داهاتووی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و ئێران چۆن دەبینن؟

من پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی سەرانی ڕێژیم، لەو باوەڕەدام شۆڕشی ژینا پەیامێکی بە کۆمەڵانی خەڵک داوە لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوام بن، ئیرادەی خەباتگێڕیی کوڕان و کچان و ژنانی بەهەڵوێست نیشانیان دا لە هیچ هەڕەشەیەکی ڕێژیم سڵ ناکەن و تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بە چۆکداهێنانی ڕێژیم لە خەبات بەردەوام دەبن. پەیامی شۆڕشی ژینا یەکیەتی و هەمبەستەگییە بە ئامانجێکی مرۆڤدۆستانە و یەکسانیخوازانەوە. دروشمەکانی ئەم شۆڕشە دژی هەر جۆرە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی دیکتاتۆریی و کۆنەپەرستی. بە ئەو هیوایەوە گەلی کورد و گەلانی ئێران و هەموو ڕۆڵە مافخوازەکانی وڵات لەژێر سێبەری شۆڕشی ژن، ژیان. ئازادیدا بە ئاواتەکانییان بگەن.