کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخشینی خەڵاتی ساڵی پارتی چەپی سوید بە یەکیەتیی ژنان

10:28 - 3 خاکەلێوه 2723

خەڵاتی ئەوساڵی پارتی چەپی سوید لە ناوچەی "ئۆستێرگۆتلەند" بە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەخشرا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پارتی چەپی سوید لە پارێزگای "ئوستێرگۆتلەند" لە هۆڵی "فوڵێتس ھۆس" لە شارۆچکەی "شیسا"، کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد. پارتی چەپ وەک نەریتی هەموو ساڵێک لە کۆنفڕانسەکەدا خەڵاتی خۆی پێشکەش بە ڕێکخراو یان کەسێک دەکات کە لە بواری پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پرسی ژنان کاریان کردووە و چالاک بوون.

ھەر بەو مەبەستە پارتی چەپ خەڵاتی ئەوساڵی خۆی، بەھۆی چالاکبوونی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بواری تێکەڵاوبوون و ھەوڵدان بۆ یەکسانی و بەرابەری و ھەروەھا کاری ھاوبەشی نێوان پارتی چەپ و یەکیەتیی ژنان، وەک گرتنی سێمینار و بەشداریکردن لە چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت بە پرسی ژن، خەڵاتەکەی پێشکەش بە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی پارتی چەپ بەڕێوە چوو، "کەژاڵ ئەحمەدی" و "شلێر حەسەنپوور" بە نوێنەرایەتیی یەکیەتیی ژنان بەشدار بوون و خەڵاتەکەیان وەرگرت.

"کەژاڵ ئەحمەدی" وێڕای سپاسکردنی پارتی چەپ لە ناوچەی "ئۆستێرگوتلاند" باسی لە ھەلومەرجی ئێستای ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد و وتی: لە شۆڕشی ژینادا بە سەدان کچ و کوڕی لاو بۆ وەدەستھێنانی ئازادی شەھید و بریندار بوون و بەشێکی زۆر هەر ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لەژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجەدان، بەڵام ئاگری ئەو شۆڕشە ناکوژێتەوە و تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێت.