کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی دوو هێندەیی بەندکراوانی کورد و بەلووچ لە ساڵی ڕابردوودا

10:38 - 3 خاکەلێوه 2723

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی کورد و بەلووچی دوو هێندەی بەندکراوانی دیکە لە ئێران زیاد کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئاماری لەسێدارەدان لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٠، لە سەتا ٦٤ زیادی کردووە.

جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لە هەموو ئێران بۆ بەندکراوانی سیاسی تەنیا بۆ دوو کەس بووە، بەڵام لەو ساڵەوە تا ئێستا جێبەجێکردنی سزای سیدارە لە ئێران بۆ بەندکراوانی سیاسی، پێنج هێندە زیادی کردووە.

لە ساڵی ڕابردوودا، ٥٨٢ کەس لە ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە لەو ڕێژەیە ١٦٤ کەسیان بەلووچ، ٦٢ کەسیان کورد، ١٣ کەسیان خەڵکی ئەفغانستان، کەسێکیان تورک، کەسێکیان تورکمەن و کەسێکی دیکەشیان خەڵکی پاکستان بووە.

جێگەی ئاماژەیە کە ١٢ کەس لەو بەندکراوانەی کە لەسێدارە دراون ژن بوون، هەروەها سێ کەسیان مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵان بوون.

جیاواز لەو ٦٢ کەسەی کە لە کوردستان لەسێدارە دراون، پێنج کەسی دیکە لە بەندیخانەی ورمێ و کەسێکی دیکە لە بەندیخانەی کرماشان لەسێدارە دراون کە تا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبووە و بەپێی ئەو ئامارە لە ساڵی ڕابردوودا ٦٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە لەسێدارە دراون.