کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی تارماییەکان

11:50 - 3 خاکەلێوه 2723

کەریم پەرویزی

سێر جان کەمبێل، نێردەی تایبەتی بریتانیا بۆ ئاسیای نزیک و هێندووستان بوو کە ماوەیەک مەئموورییەتەکەیان بۆ وڵاتی قاجار، یان بە پێی بەڵگە بریتانییەکان، وڵاتی پێرشیا گواستبووەوە.

سێر جان، ساڵی ١٨٣٣ دوای مردنی عەباس میرزای وەلیعەهدی قاجاری نامەیەکی بۆ دەوڵەتی بریتانیا نووسی و لە بەشێکیدا دەڵێ کە، کێشمەکێشی جێنشینیی شای قاجار دوای مردنی عەباس میرزا مەترسیدارە و وڵات تووشی ئاڵۆزی دەکا، بریتانیا پێویستە کە سیاسەتی جیددیی هەبێ چونکە تێکچوونی وڵاتی پێرشیا بۆ بریتانیا زەرەری هەیە چونکە ناوچەکە تووشی ئاڵۆزی دەکا و بەرژەوەندیەکانمان لە هێندووستان وەمەترسی دەکەوێ! دەبێ وڵاتی پێرشیا بە پێکەوەیی بهێڵینەوە!

لەو سەردەمەدا و پیشتریش پشتیوانیی ڕووس و ئینگلیس، لە سیاسەتی نێوخۆی وڵاتی بەناو پێرشیا کە  قاجارەکان بە مەمالکی مە‌حرووسە ناویان دەبرد، یەکجار زۆر بوو، تا ڕادەیەک کە عەباس میرزا لە پەیماننامەی گوڵستان و تورکمانچایدا کە لەگەڵ ڕووسەکانی بەستبوو، لە خاڵێکیدا هێنابووی کە ڕووسەکان پشتی وەلیعەهدیی ئەو بگرن!

هەر لەهەمان کاتدا و لە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئینگلیسەکانیش ئێمتیازی پێ دابوون تاکوو پشتی وەلیعەهدیی ئەو بگرن!

دانانی شای نوێ بە بێ پشتیوانیی یەکێک لە دەوڵەتەکانی ڕووس یان ئینگلیس ئیمکانی نەبوو و نەک شای نوێ بەڵکوو سەرۆکوەزیر و وەزیرەکان و حاکمانی ناوچەکان بە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ دەسەڵات و نێردەی تایبەتی ڕووس و ئینگلیس جێبەجێ نەدەبوو.

بەدرێژایی چەند سەدەی ڕابردوو و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، سیاسەتی نێو وڵاتێک کە پێشتر مەمالکی مەحرووسە بوو و دواتر هەر بە سیاسەتی بیانییەکان کرا بە وڵاتی  ئێران، هەر لە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی بیانیدا بووە و ئەو کاریگەرییانە بە ڕادەیەک بووە کە کەسانی نێو دەسەڵات ئێمتیازیان بە نێردە تایبەتەکان داوە تا پشتی ئەوان بگرن بۆ فڵان پۆستی حکوومەتی!

سەردەمێک کە شۆڕشی مەشرووتە هاتە ئاراوە، چونکە ڕووسیە پێی وابوو کە ئینگلیس فێڵی لێ کردووە، پشتی حەمەعەلی شای گرت و مەجلسی دایە بەر تۆپ! ئینگلیسیش کە وای دەزانی لە دوای شەڕی یەکەمەوە ئیدی ناتوانێ وەکوو جاران هێزی نیزامیی لە ناوچە هەبێ، ڕەزای میرپەنجی هێنا و کوودتای پێ کرد و ناوی وڵاتەکەشی بۆی گۆڕی تاکوو دەسەڵاتی ناوەندیی بەهێز دروست بکا و ببێتە بەربەستێک لە بەردەم ڕووسیەدا!

لە ڕاستیدا کاتێک کە خامنەیی لە پەیامی نەورۆزییەکەیدا ئاماژە بەوە دەکا کە پرسی گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، باسێکە کە بیانییەکان هێناوەیانەتە ئاراوە، لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕوا کە هەموو سیاسەت و ڕووداوێک لەم وڵاتە بەڵالێدراوەدا بە پێی ویستی بیانییەکان دەبینێ و بیانییەکانن کە سیاسەتی نێوخۆییشی بۆ دادەڕێژین.

کاتێک کە موجتەبا خامنەیی کوڕی وەلیی فەقیهـ لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانیەوە ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین واژۆ دەکا، هەمان کردەوەکەی عەباس میرزایە کە نزیک بە دووسەد ساڵ پیش پەیماننامەی تورکمانچایی لەگەڵ ڕووسەکان بەست و داوای لێ کردن کە بۆ وەلیعەهدی پشتی ئەو بگرن!

لە بەرامبەردا، کوڕی شای پێشووی ئێرانیش لە ئامریکا وەخۆ کەوتووە و هەندێ ناوەند دەگەڕێ تاکوو ئەوان پشتی وەلیعەهدیی ئەو بگرن!

ئەوەی لە ئاستی نێو ڕێژیمدا تێدەپەڕێ، خامنەیی و بەیتەکەی باش دەزانن کە بە بێ ڕووسیە و چین ناتوانن درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن و هەموو ئێمتیازێکیان پێ دەدەن تاکوو پارێزراو و لەسەر تەخت بمێننەوە! تەنانەت ئێران لە شەڕی ئۆکراین تێوەدەگلێنن، چونکە پێویستیان بە پشتیوانییەکانی پۆتین هەیە!

لە سەردەمێکیشدا کە تازە ڕێژیمی خومەینی بە کۆنفرانسی گوادالۆپ  بە دەسەڵات گەیشتبوو، باڵیۆزخانەی ئامریکایان داگیر کرد و کارمەندەکانیان بەدیل گرت، بەڵام ئەوە ڕووکەشی کارەکە بوو و هەر وەک بە تازەیی سەناتۆری کۆنی ئامریکایی ڕایگەیاندوە، لەو سەردەمەدا بە دەسەڵاتدارانی تارانیان وتووە کە بارمتەکان ئازاد نەکەن تاکوو جیمی کارتێر لە هەڵبژاردن بدۆڕێ و دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئامریکا ئازادیان بکەن!

خامنەیی و کوڕەکەی و بەیتەکەیان، هەموو ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانیان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەستراوە بە بیانییەکانن و تەنانەت دروشمی گۆڕینی یاسای بنەڕەتی لە لایەن بیانییەکانەوە خراوەتە زاری دژبەرەکانیان!

ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتی خامنەییش، باس لەوە دەکەن کە لە هەموو قۆناخەکاندا، دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بە پیلانی بیانییەکان کاری کردووە و دەسەڵاتی سێبەری بەرژەوەندییەکانی بیانییەکان بووە.

ئەوەی کە لەم وڵاتەدا تێدەپەڕێ، لانیکەم لە ماوەی دووسەد ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی سەربەخۆ نەبووە و تەنانەت وردەکاریی ڕۆژانەی کار و کردەوەکانیان چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەراکەی لەژێر بەرژەوەندیی وڵاتانی بیانیدا بووە.

هاتنی پاشاکان و گۆڕینیان و گۆڕینی ڕێژیم لە قاجارییەوە بۆ پاڵەوی و گۆڕینی پاڵەوی و هاتنی دەسەڵاتی خومەینیش هەر لە ڕاستای بەرژەوەندیی بیانیدا بوو! سەردەمانێک قاجاریان بۆ پاراستنی هیندوستان پێویست بوو! دواتر پاڵەویان بۆ بەربەست دانان بەرامبەر بە ڕووسیە پێویست بوو و دواتریش ڕێژیمی ئیسلامییان وەکوو کەمەربەندێکی سەوز بە دەوری کۆمۆنیزمەوە دەویست! لەم ساڵانەی دواییشدا، ڕیژیمی تاران وەکوو دێوەزمەیەک بۆ ترساندنی خەڵکی ناوچەکە لە قازانجی دەسەڵاتە بیانییەکاندا بوو!

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرای سیاسەت لەنێو دەسەڵاتی تاران و ئۆپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکەیدا بۆمان دەردەکەوێ کە خۆیان خاوەنی بڕیار و تێفکرین نەبوون و سێبەری دەسەڵاتێکی دیکەی دەرەوەی وڵات بوون و لە ڕاستیدا کاراکتێرە سیاسییەکانی تاران لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا نەک کاراکتێری ڕاستەقینە بەڵکوو هەموویان دەسکردی تارماییەکان بوون!

خاڵی جێگای سرنج ئەوەیە کە ناوەندگاراکان و نیشتەجێیانی کورسیی دەسەڵات لە تاران هەر هەموویان بە بێ هیچ ڕیزپەڕێک، بەستراوە بە بیانی و دەسکردی تارماییەکان بوون و بەرژەوەندیی وڵات هیچ ڕۆلێکی لە سیاسەت و کردەوەکانیاندا نەبووە، کەچی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران بە بەستراوە بوون بە بیانی تۆمەتبار دەکەن و  ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەوە نەتەوە بندەستەکانن کە دەیانەوێ تەواوییەتی ئێران وەمەترسی بخەن!

تەواوییەتی ئێران تەنیا پاساوێکە بۆ دەستدریژی و بەستراوەییان بە تارماییەکان، دەنا دەسەڵاتدارانی تاران و ئۆپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکەی، بەردەوام خۆیان ئامرازی دەستی بەرژەوەندییە بیانییەکان بوون و هەن!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین