کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە سوید

17:03 - 3 خاکەلێوه 2723

هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوید، لە ڕێوڕەسمی نەورۆز کە لەلایەن نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە ڕێکخرابوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن نۆێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی نەورۆز بەڕێوە چوو و ھەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب، پێکهاتوو لە "حەمید تەیمووری و ئەمین ڕەشیدی"، لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

ھەیئەتی حیزب بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵێک لەلایەن نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ‌ کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەری باڵوێزخانەی ئەمریکا، باڵوێزی عێراق، نوێنەرایەتیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، وەزیری پێشووی دادی سوسیال دێموکراتەکان، ماریا لێسنەری، سەرۆکی پێشووی حیزبی لیبڕالەکان و دۆستی نزیکی شەھید قاسملوو و کورد بەگشتی، چەندین ئەندام پارلمان، ڕۆژنامەوان و کەسایەتیی سیاسیی سویدی و کورد بەشدارییان کرد.

سەرەتا شۆڕش قادر، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتارێکی بە زمانی سویدی پێشکەش کرد، ناوبراو سەرەتا بەخێرھاتنی میوانەکان و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد و نەخشی کوردەکانی لە وڵاتی سوید بەرز نرخاند کە توانیویانە لە جومگە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی وڵاتی سوید، دەورونەخشیان ھەبێت.

لە درێژەی بۆنەکەدا نوێنەرانی حیزب لەگەڵ مۆرگان یووھانسۆن، وەزیری پێشووی دادی سوسیال دێموکراتەکان، ماریا لێسنەر و چەندین ئەندام پارلمانی سویدی لە حیزبە جیاوازەکان، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان دیداریان کرد و باس و بابەتە پێوەندیدارەکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ژینایان خستە بەر باس.

شایانی باسە کە وەزیری پێشووی دادی سوسیال دێموکراتەکان بە درێژی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی ژینا قسەی کرد.