کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران هەر وا بۆ خرچە و خانوو خوێن دەدەن

00:34 - 4 خاکەلێوه 2723

دارسمە

میرزا برایم‌‌ئاغای ڕەییسی، دوای ئەوەی لە تاران قۆڵی لە سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵماڵی، هەروەک منداڵی نەخۆش بە گووکردنیەوە دیار بوو چەندە دەژێت. ڕەییسی بە ڕێژەی بەشداریکردنی کەم و پوختی دەنگ‌دەران، خامنەیی بە نوێنەراتیی خۆی و خەڵک و خوا کردی بە سەرۆک‌کۆمار.

دیارە لەم کابینەیەدا هەموو وەزارەتەکانی وەک "تەندروستی و مەندروستی"، "پەرەوردە و مەروەردە" و "کشتوکاڵ و مشتوماڵ"، بایی توورێکی قانگ گرینگییان پێ نەدراوە و ئەوەی بەگرینگ زانراون سێ وەزارەتی سەرەکیی "نێوخۆ" (بۆ سەرکوتکردنی خەڵک)، "دەرەوە" (بۆ خاپاناندن و خافڵاندنی بیرو ڕای گشتیی جیهان) و "ئابووری" (بۆ دابین‌کردنی بژێوی ئوممەتی هەمیشە دەرسەحنەی لوبنان و سورییە و یەمەن)ن.

١- وزارەتی نێوخۆ: ڕەئیسی هەر بە ڕێنوێنیی ئەو خامنەییەی دەستەڵاتی بۆ خوا و خوی دەگەڕێتەوە، بۆ وەزارەتی نێوخۆ سەردار ئەحمەد وەحیدیی کۆنە فەرماندەی سوپای پاسدارانی کرده وەزیر و وایزانی ئەم برادەرە دەتوانێت بە یارمەتیی سوپای پاسداران، ئەم ئێرانە وەک ماستی مەییو لێ بکات. بەڵام لە سەرهەڵدانی دوای شەهیدبوونی ژینادا، وەحیدی نەک هەر نەیتوانی ئێران بکاتە ماستی مەییو، بەڵکوو دنیا لە خۆی و ڕێبەرەکەشی کرایە چەرمی چۆلەکە.

 

٢- وەزارەتی دەرەوە: بۆ وەزارەتی دەرەوەش، ڕەییسی لەمێژ بوو بیری لە میرزاحوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بۆ ئەم وەزارەتە کردبۆوە. ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە من و لە تۆی خوێنەر باشتر دەیزانی چۆن ڕێبازی قاسم سولەیمانی چۆڵ نەکات و بە پتەوکردنی سیاسەتی پەرەپێدانی مێحوەری مقاومەت (هیلالی شیعە) و بەهێزکردنی حەسەن نەسرۆڵڵا، حووسیەکان، حەشدی شەعبی و هێندێک شتی دیکە،  درێژە بە دیپلۆماسی بدات. ئەمەشیان بۆ میرزا برایمی ڕەئیسی و ئەوەی پشتەوەی ئەویش سەری نەگرت و لە ئاخریدا بە ناچاری وەزارەتی دەرەوە کڕ کرا و عەلی شەمخانی بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ سعوودیە و حیلەدیپلۆماسی هاتە مەیدان.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە ئاکامی پێوەدانی دەرگای وەزارەتی دەرەوە بە سەر دیپلۆماسیدا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە توویتێکدا نووسی: سەفەری ئەم دواییەی شەمخانی بۆ ئیمارات و عێراق لە چوارچێوەی پێوەندییە ئەمنییەتییەکانی ئێستادایە و شتێکی نوێ نییە و لە سەردانەکاندا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەشی لەگەڵ‌دایە. هەموو شتێک لەژێر چاودێریی سەرۆک‌کۆماردایە و دوژمنان بزانن نێوان ناخۆشیمان نییە."

ئەمەی ئیستا بەسەر وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، کێشەی سەرەکیی بۆ کارمەندانی وزارەتخانەکە ناوەتەوە و لە نێوان سێ بژاردەدا سەرگەردانی کردوون. ئەوان نازانن تێرۆریستن، دیپلۆماتن یان دیپلۆمات تێرۆریستن.

٣- وزارەتی دارایی: چارەنووسی وەزارەتی داراییش هەر لە سەرەتای دامەزارانی کۆماری ئیسلامییەوە ئیمام خومەینی حوکمی لێ داوە. ئیمام خومەینی پێش ئەوەی دەستەڵات بگرێتە دەست، گوتی، وا دەکات پارەی ئاو و کارەبا و گاز و ئووتووبووس لە کەس وەرنەگرن و ئەوکات پارەی هیچ و پووچ، ناچارە سەرگەردان بێت. ئیمامی شارەزا دوای ئەوەی ئەم بیردۆزە قووڵەی سەری نەگرت، هاتە سەر ئەم بڕوایە ئابووری "هی ‌کەرە" بە زمانی شیرینی فارسی ئەو زمانەی بڕیار وایە ڕەزاشای داهاتووی ئێران و پێنج هاوڕێکەی دیکەی ناچارمان بکەن بۆ لێک‌تێگەیشتن قسەی پێ بکەین، گوتی "اقتصاد مال خرە".

خومەینی گوتی: جیاوازیی ئابووری لە نێوان کەر و مرۆڤدا ئەمەیە، کەر کا دەخوات و مرۆڤ چەلاو و کەباب.

ئیمام خومەینی ئەوکاتانەی دەیگوت "شما ڕا می‌کنم" و بە درەنگەوە دەیگوت "لاکن نصیحت"، هیچ لەبەر نەزانی وای نەدەگوت. ئەو باش لە زمان شارەزا بوو. ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەوانەی گێراویانەتەوە، دڵێن شاعیریش بوو. تەنانەت شێعری فەلسەفی و دڵدارانەی بۆ "فاتە"ی بووکیشی گوتووە.

خومەینی زۆر باش لە مۆسیقای پیتان شارزەزبوو، بۆیە دەیگوت: کەسێک زانا بێت بۆ "خرچه" و "خانوو"، "خوێن" نادات. لێردا ئەو سێ وشەیەی "خرچه‌"، "خانوو" و "خوێن" لە کاتێکدا هەر سێکیان به پیتی "خ" دەست پێ دەکەن،  بەیەکەوە پێشان‌ دەدەن دامەرزرێنەری کۆماری ئیسلامی چەندە لە مۆسیقای وشە و ئاهەنگی ڕستە و مستە شارەزا بووە.

دوو لە ڕووی گوێدێران و خوێنەران ئەگەر خومەینی ئێستا مابایە بە چاوی خۆی دەیدیت، ئەم ئابووریە چەندە شتێکی پیسە و چۆن ئەم ئێرانەی وێران کردووە. گەمارۆی ئابووری ئێرانی دەئامان ناوە، شتومەک و پێداویستیی مرۆڤ ڕۆژبەڕۆژ گرانتر دەبن و وەک دەڵێن بۆ خەڵکی هەژار نان خەریکە لە پشتی شێران خۆی حەشار دەدات و دڵی ئابوورییش کەوتووەتە دەست پەیڕوانی خومەینی و ئێستا "اقتصاد مال آنهاست" بەڵام خەڵک هەروا بۆ خرچە و خانوو خوێن خوێن دەدەن.