ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە وڵاتی ئیمارات لەنێو خاکی ئێراندا هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر چەند خاڵێک.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە هێرشەکان کراوەتە سەر "پاڵاوگەیەک لە دوورگەی لاوان" لە کەنداودا، کە تا ئێستا ئیمارات بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی لەئەستۆ نەگرتووە.
ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە لە سەرەتای مانگی ئاوریلی ڕابردوودا ئەنجام دراوە. لە دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئیمارات زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ کەوتووەتە بەر هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی. تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا، بەرپرسانی ئیمارات چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن تارانەوە کراونەتە ئامانج.
بەپێی شرۆڤەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ئەم هەنگاوە نوێیەی ئیمارات دەتوانێت ئەو وڵاتە بکاتە یەکێک لە لایەنە چالاکەکانی شەڕ، بەتایبەت کە لە ماوەی ڕابردوودا وەک ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەبینرا.
ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری قۆناغێکی نوێ لە گرژییە سەربازییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و کۆماری ئیسلامییە.