وەزارەتی نێوخۆی کوەیت ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە چوار کەسی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر بکەن کە هەوڵیان داوە لە ڕێگەی دەریاوە بە نایاسایی بچنە نێو خاکی کوەیتەوە.
وەزارەتی نێوخۆ ڕایگەیاند کە تیمێکی چەکدار پێکهاتوو لە شەش ئەندامی سپای پاسداران هەوڵیان داوە دزە بکەنە نێو دوورگەی "بوبیان" کە دەکەوێتە گۆشەی باکووری ڕۆژاوای کەنداو و لە نزیک سنوورەکانی عێراق و ئێرانە.
کوەیت ئاماژەی بەوە کردووە کە چوار کەس لەو گرووپەی دەسبەسەر کردووە و دوو کەسی دیکەیان هەڵاتوون؛ هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا بەرپرسێکی ئەمنییەتی وڵاتەکەی بریندار بووە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە کوەیت چەند ڕۆژ لەمەوبەر و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئاماژەی بە بینینی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە" لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا کردبوو.
ئەو ڕووداوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە یەکەم ڕۆژەوە وڵاتانی کەنداو وەک کوەیت، بەحرەین و ئیمارات، چەندین هێرشی مووشەکی و دڕۆنییان لە دژی خاکەکەیان تۆمار کردووە.