دادگای باڵای تاوانەکانی بەحرەین، سێ کەس (دوو پیاو و ژنێک)ی لە دوو دۆسییەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی "تێکدەرانە و تێرۆریستی" لە دژی ئەمنییەتی ئەو وڵاتە، بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فەرمیی بەحرەین، دوو تۆمەتبارە پیاوەکە بەهۆی هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن لە نێو خاکی بەحرەیندا سزا دراون؛ دادگا جگە لە زیندانی هەتاهەتایی، هەر کامیانی بە بڕی ١٠ هەزار دیناری بەحرەینی جەریمە کردووە.
دادستانی گشتیی بەحرەین ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران و سپای پاسداران داوایان لە ئەندامانی گرووپە جێگیربووەکانی نێو ئێران کردووە تا شوێنە گرنگ و هەستیارەکانی بەحرەین بۆ ئەگەری هێرش و تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتە دەستنیشان بکەن.
لە دۆسییەیەکی دیکەدا، ژنێک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران سزای هاوشێوەی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی وتەی دادستانی گشتی، ناوبراو لە ڕێگەی هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وێنە و شوێنی وردی ناوەندە هەستیارەکانی بەحرەینی بڵاو کردووەتەوە.
ئەم بڕیارانەی دادگای بەحرەین جارێکی دیکە دەستێوەردانە بەردەوامەکانی تاران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و بەکارهێنانی سپای پاسداران بۆ نانەوەی بشێوی دەردەخەن.