کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەتەر: نابێ کۆماری ئیسلامی گەرووی هۆرمۆز بۆ باجوەرگرتن بەکار بهێنێت

16:00 - 22 بانەمەڕ 2726

محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند کە نابێ کۆماری ئیسلامی گەرووی هۆرمۆز وەک ئامرازێکی گوشار یان باجوەرگرتن لە دژی وڵاتانی کەنداو بەکار بهێنێت.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە لە دۆحە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆخەی ئێستا لە گەرووی هۆرمۆزدا دەگوزەرێت، یارمەتیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە نادات.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە، لە هەمان کۆنگرەدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز دەربڕی و ڕایگەیاند کە نابێ ئەم ڕێڕەوە ئاوییە لە کاتی شەڕدا وەک چەک بەکار بهێنرێت.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئانکارا بەشداری لەو هەوڵانەدا دەکات کە بە ڕێبەریی پاکستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لە ئارادایە.

ئەم هەڵوێستە توندەی قەتەر کە زۆربەی کات ڕۆڵی نێوبژیوانی گێڕاوە، نیشانەی نیگەرانیی قووڵی وڵاتانی ناوچەکەیە لە سیاسەتە تێکدەرانەکانی تاران و هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانیی جیهانی.