کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی ئەندامێکی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە

10:30 - 4 خاکەلێوه 2723

سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

ناوبراو تا ئێستاش لە هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، لە بەیاننامەیەکدا دەسبەسەرکرانی مامۆستا سلێمان عەبدیی بە توندی مەحکووم کرد و داوای ئازادیی ئەو مامۆستایەی کرد.

مامۆستا سلێمان عەبدی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

هێزەکانی ڕێژیم پاش ئەوەیکە ماڵی ناوبراویان بە تەواوەتی پشکنیبوو، دەستیان بەسەر مۆبایلی خۆی و بنەماڵەکەیدا گرت.