کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: لە ساڵی ١٤٠١دا ٢٢٥ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون

11:34 - 5 خاکەلێوه 2723

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، لە ساڵی ١٤٠١دا ٢٢٥ کۆڵبەر لە کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێکخراوی "کوردپا" ئامارێکی بڵاو کردەوە کە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا ٢٢٥ کۆڵبەر لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و بریندار کراون کە ٦ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە، ١٧٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار کراون. هەروەها ٢٠ کۆڵبەر بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراون و بریندار بوون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ساڵی ڕابردووی هەتاویدا، ٤ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین و ٢ کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردوویی و گیرۆدەبوون لە بەفر و بۆران، کوژراون و بریندار بوون.

لەلایەکی ترەوە کۆڵبەرێک بەهۆی بەربوونەوە بۆ نێو ڕووبار و ١٤ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ، کوژراون و بریندار بوون.

کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ئەو ڕێکخراوەیە بڵاو کراوەتەوە و ئەگەری هەیە ئامارە ڕاستەقینەکە لەمە زیاتر بێت.