کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی نەورۆزەوە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لەلایەن کوردستانییانی دانیشتووی ناوچەی ساندیەگۆی کالیفۆڕنیا بەڕێوە چوو

11:39 - 5 خاکەلێوه 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو کوردستانییانی دانیشتووی ناوچەی ساندیەگۆی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمریکا، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەوارییەوە، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە سروودی نەورۆز و هەڵپەڕکێوە دەستی پێ کرد، کوردستانییان لە چەندین شاری دیکەوە لەوانە لۆس‌ئانجلێس، ئیرواین و ساندیەگۆ بەشدار بوون.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەند وتەیەک لەلایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە پێشکەشی بەشداران کرا. هەروەها ئەردەڵان بێهرووزی وەکوو نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران له کالیفۆڕنیا، وێڕای ئاماژەدانێکی کورت به دۆخ و هەلومەرجی ئێستای هەموو بەشەکانی کوردستان، زیاتر له‌سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوڕشی "ژن ژیان ئازادی"، قسەی کرد.

ناوبراو لەمبارەوە وتی: ''شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و هەموو ئێرانی گرتەوە و بە گوێی جیهانییان گەیشت و هیوادارین هەموو خەڵکانی ئازادیخواز و بە تایبەتی کوردستانییانی پارچەکانی دیکە لە هەر ڕێگایەکەوە کە بۆیان دەکرێت، پشتیوانی ئەو شۆڕشە بن.''