کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی کۆڕێک لەژێر ناوی "نەورۆز و هاوئاهەنگی و بەرخۆدان" لە وڵاتی بولغارستان

09:56 - 6 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بولغارستان لەسەر بانگهێشتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەشداریی لە کۆڕێک لەژێر ناوی "نەورۆز و هاوئاهەنگی و بەرخۆدان" کرد.

سەید حێشمەت حوسێنی، نوێنەری حیزب، وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕە، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر نەورۆز و گرینگیی ئەو ڕۆژە لەلای کورد، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پاشان باسێکی لەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی مودێڕن و سەردەمییانە و ڕۆڵی ئەو حیزبە لە پەرەدان بە فەرهەنگی دێموکراسی لە جوغرافیای کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە حکوومەتی کوردستان و باوەڕمەندبوونی کورد بە دێموکراسی و ئازادی و بەرابەریی مافی ژن و پیاو لە خێزان و کۆمەڵدا پێشکەش کرد.

ناوبراو هەروەها لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، وتی: ئەو شۆڕشە لە کوردستان وەک سەنگەری ئازادی دەستی پێ کرد و پاشان هەموو ئێرانی گرتەوە و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆر درا.

نوێنەری حیزب لە کۆتاییدا باسێکی لەسەر دیکتاتۆریی دوو حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران بەگشتی و بە تایبەت کورد و جیاوازیی ڕەگەزی لەنێوان ژن و پیاودا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.