کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ١٩٥٦ کۆڵبەر لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا

10:36 - 6 خاکەلێوه 2723

لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، ١٩٥٦ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ـەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، ١٩٥٦ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنوورەکانی کوردستان، کوژراون و بریندار کراون.

کوردپا ڕایگەیندووە کە لەو ماوەیەدا، ٥٩٤ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە و ١٣٦٢ کەسیش بریندار بوون و ٥ کۆڵبەریش بێسەروشوێنە و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

٣٦ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە کوژراون و بریندار کراون تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە سەتا ٧٧ی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە ڕێژەی لە ٧ لەسەد لە ڕیزی دووەمدا جێگای گرتووە.

کوژران و برینداربوون بەهۆی تەقینەوەی مین و سەرمابردوویی، هەر کام بە ڕێژەی ٥ لەسەد لە ڕیزی سێهەمدایە.

هەروەها ساڵی ١٣٩٠ تا ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ٤٣ کەس کوژراون و ٥١ کەسیش بریندار بوون.