ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ، ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی خاتوو "هێلێن کرۆلیش" ناسراو بە نەسرین خانم قاسملوو، هاوسەری ڕێبەری مەزن شەهید دوکتور قاسملوو، لە گۆڕستانی پیرلاشێز لە شاری پاریس بە بەشداریی کەسایەتییە سیاسی و حکومی و مەدەنییەکان لەنێو ئاپۆرای ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە لەلایەن خاتوو شەیدا ویجدانی، ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان و دایکی کوردان خاتوو نەسرین قاسملوو، دەستی پێ کرد.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، دوکتور کەنداڵ نەزان، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی کورد لە پاریس و هاوڕێی لەمێژینەی خاتوو نەسرین قاسملوو، وێڕای بەرزنرخاندنی تێکۆشانی بەردەوامی ئەم خاتوونە مەزنە، بۆ بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە باسی لە ڕۆڵ و نەخشی دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەی کورد کرد.
لە درێژی ڕێوڕەسمەکەدا شاهۆ حوسێنی، ئەندامی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات، وێڕای بەداخبوون بۆ لەدەستدانی دایکی کوردان خاتوو نەسرین قاسملوو، باسێکی لە تێکۆشانی ماندوونەناسانەی یاری وەفاداری حیزبی دێموکرات لە سەردمی شاخ و شاردا پێشکەش کرد.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا هەڵمەت ڕەحمەتپوور، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە، پەیامی کۆمیتەی حیزبی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
ناوبراو وێڕای بەداخبوون بۆ لەدەستدانی خاتوو نەسرین قاسملوو، خەبات و زەحمەتەکانی ئەم خاتوونە مەزنەی مێژووی گەلی کوردی بە کورتی هێنایە بەر باس و وتی کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی ئەندامانی حیزبی دێموکرات چاکە و خزمەتەکانی دایکی کوردان قەت لە بیر ناکەن و ژیان و خەباتی خاتوو نەسرین قاسملوو بۆ نەوە لە دوای نەوە دەبێتە سەرچاوەی دەرس و ئیلهام بۆ تێکۆشانمان لە پێناو گەیشتن بە مافەکانمان.
لە بڕگەیەکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە بەڕێزان ئەحمەد شیربەگی، ڕەحمان ئیبراهیمزادە و خاتوو ئەسمەر، شیعر و پەخشانیان پێشکەش کرد.
کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە وتەکانی بابەک قاسملوو، برازای شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و نوێنەری بنەماڵەی کۆچکردوو کۆتایی پێ هات. ناوبراو بە ئەمەگەوە باسی لە زەحمەت و ماندووبوونی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و هەروەها بەشداربووان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات کرد.