کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کانادا سیمینارێک بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

12:08 - 6 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شاری تۆرێنتۆ سیمینارێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کانادا بۆ کاک خالیدی عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کورد و کوردستان بە گشتی و شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە تایبەتی، دەستی پێ کرد.

دواتر ڕەحیم ڕەشیدی وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان و وتەبێژی حیزبی دێموکرات، گرینگیی سەردانەکەی وتەبێژی حیزبی بۆ کانادا شی کردەوە.

دواتر سیامەند هەمزەئازەر، بە ناوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی کاک خالید عەزیزیی کرد.

دواتر کاک خالید سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی کوردستان، ئێران و جیهان قسەی کرد و دوایین ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

ناوبراو لەبارەی هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بە ڕوونی وتی کە دێموکرات لەگەڵ هیچ ڕەوت و بەرەیەک ناکەوێت کە فەرەچەشنیی ئێران ڕەچاو نەگرێت و ڕێز لە جیاوازییەکانی ئەو وڵاتە نەگرێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەبارەی گرووپی جۆرج تاون وتی: ''حیزبی ئێمە لەگەڵ ئەو مەنشوورە نییە، هەروەها ئێمە لەگەڵ دامەزراوە و حیزب کار دەکەین و کەسایەتییەکان وەکوو کەس جێگای ڕێزن، بەڵام بۆ حیزبی سیاسی گونجاو نییە کە لەگەڵ ئەوانە بچێتە هاوپەیمانییەوە.''

 ناوبراو هەروەها داوای لە کوردستانییان کرد کە بە باشی سۆشیالمیدیا لە ڕاستای قازانجەکانی بزووتنەوەی کوردستان بەکار بهێنن، هەروەها خۆ لە گوتاری نەشیاو و توندوتیژ بپارێزن.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سیمینارەدا ئامادەبووان وێڕای پێشوازیی گەرم لە وتەکانی وتەبێژی حیزب، پرسیار و پێشنیارەکانی خۆیان هێنایە گوڕێ و دواتر لەلایەن وتەبێژی حیزبەوە وڵام درانەوە.