کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەکی تەشكیلاتی بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی کانادا

12:12 - 6 خاکەلێوه 2723

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی کانادا و لە شاری تۆرێنتۆ، کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتیی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات ڕێک خست.

ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆبوونەوەی تەشکیلاتیی وتەبێژی حیزب لە شاری تۆرێنتۆی وڵاتی کانادا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان دەستی پێ كرد.

پاشان سەعید گوڵشەن، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی کانادا سەرەڕای بەخێرهێنانی کاک خالید عەزیزی، ئامانجی كۆبوونەوەكەی بۆ بەشداربووان شی كردەوە.

 لە بەشێکی دیکەدا کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب، باسێکی هەمەلایەنەی لەسەر پڕۆسەی تێكەڵبوونەوەی حیزب و كاریگەریی ئەو ڕەوتە پێشكەش كرد و داوای لە ئەندامانی حیزب كرد وەكوو خەڵكی نێوخۆ بۆ پتەوتركردنی ڕیزەكانی حیزب تێبكۆشن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ڕوونی باسی لە زیان و زەرەرەكانی دابڕان و ناتەبایی كرد و هیوای خواست هیچكات حیزبی خۆشەویستی خەڵكی كوردستان واتە حیزبی دێموكرات تووشی جیابوونەوە و ناتەبایی نەبێتەوە و لەم بازنەدا بەرپرسیاری و وشیاریی ئەندامانی بە خاڵێكی گرینگ لێكدایەوە.

وتەبێژی حیزب لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسێكی لەسەر بارودۆخی كوردستان و ئێران پاش شۆڕشی ژینا پێشكەش كرد و وتی: پێگەی حیزب و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان لە حیزب بە جۆرێکە کە حیزبی دێموكرات بە هەموو توانایەوە درێژە بە خەبات بۆ ئازادی دەدا و تەنانەت  مووشەكباران و تیرۆر ناتوانێت حیزبی دێموكرات بە چۆكدا بێنێت.

کاک خالید هەروەها وتیشی: ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی فرەرەنگ كە بتوانێت جێگرەوەی كۆماری ئیسلامی بێت و لە دونیای دەرەوە پێشوازیی لێ بكرێت، هەروەها وڵامدەرەوەی ویست و خواستەكانی خەڵكی ڕاپەڕیوی ئێران بێت.

 وتەبێژی حیزب لە کۆتاییدا سەرەڕای سپاسی هاوكاری و پشتیوانیی هەمەلایەنەی ئەندامانی حیزب كە دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە بە تێگەیشتن لە هەلومەرجی نوێی خەبات هاوكار و یارمەتیدەری حیزبەكەیانن، داوای كرد کە ئەندامانی حیزب دەبێ شێلگیرتر لە ڕابردوو درێژە بەم ڕەوتە بدەن.