کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە وڵاتی فینلاند

16:45 - 6 خاکەلێوه 2723

ڕێکخراوی ژنانی دێموکرات بە هاوکاریی ڕێکخراوی "فینکۆرد" لە شاری تۆرکۆی فینلاند، ئاگری نەورۆزیان هەڵ کرد و پێشوازییان لە نەورۆزی ژینا کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شاری تۆرکۆ بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند و چەندین کەسایەتیی مەدەنی و سیاسی و ئیداریی شاری تۆرکۆ، ئاگری نەورۆز کرایەوە.

سەرەتا "شەهێن زاد ئەحمەد"، کادری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کورتەیەکی لەسەر نەورۆز و شۆڕشی ژینا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پاشان ژنانی مەشخەڵ بەدەست، ئاگری نەورۆزیان بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لەنێو ئاپۆڕای خەڵک داگیرساند.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئەفشین وەیسی، جێگری بەرپرسی پێوندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند و بەڕێوەبەری بەرنامەکە، نوێنەری پێنج حیزبی فینلاندیی بەشدار لە جەژنەکەی بۆ قسەکردن بانگهێشت کرد کە بریتی بوون لە: "میرڤا ساڵۆنێن سەر بە سەوزەکان، لۆتا لاکسۆنێن چالاکوان و ئەندامی یەکیەتی چەپەکان، میکا ماسکۆلا سەرۆکی شۆرای شاری تۆرکۆ و سۆسیال دێموکرات، تیمۆ فوروهۆڵم ئەندامی شۆرای شاری تۆرکۆ و یەکیەتیی چەپەکان و سارا سۆفیا ئەندامی پارلمان لە حیزبی کۆکۆمووس."

هەر یەک لە نوێنەرانی حیزبەکانی فینلاند، لەگەڵ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز، پشتیوانیی خۆیان لە شۆڕشی ژینا و گەلی کورد و گەلانی ئێران دەربڕی.