کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە وڵاتی ئۆتریش

16:52 - 6 خاکەلێوه 2723

خۆپیشاندانێک بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش بۆ شەرمەزارکردنی کوشتاری ئەندامانی بنەماڵەیەکی خەڵکی جندرێس، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی ئۆتریش، خۆپیشاندانێک لە شاری ڤییەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و شەرمەزارکردنی کوشتاری ئەندامانی بنەماڵەیەکی خەڵکی جندرێس بە بیانووی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، پێک هات.

لە خۆپیشاندانەکەدا بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بەشدار بوون و پاڵپشتیی خۆیان بۆ خەڵکی عەفرین و دەوروبەری دەربڕی و کردەوەی جینایەتکارانەی بکەرانی ئەو تاوانەیان شەرمەزار کرد.

هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا وتارێک سەبارەت بەو تاوانە لەلایەن نوێنەری ڕەوەندی کوردییەوە خوێندرایەوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە شانۆیەک کە پیشاندەری شێوەی تاوانەکە بوو، پێشکەش کرا.

هەروەها خۆپیشاندانەکە بە چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانە و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان، کۆتایی پێ هات.